رووداو - تەندروستی
کەمپینی شەرم مەکە کۆتایی هات و زیاتر لە سێ هەزار و 600 خانم بە خۆڕایی پشکنینیان بۆ کرا. کەمپینەکە بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەچوو و دوو کلینیکی گەڕۆک بە هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانەوە بۆ خانمان ئامادەکرا بوون.
دوو بەشداربووی کەمپینی شەرم مەکە پەسنی کەمپینەکە دەکەن و چوونەتە ئەو شوێنەی کە رووماڵەکەی تێدا دەکرێت، یەکێکیان دەڵێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە جەستەی خۆم، هاتم پشکنین بکەن.
بە درێژایی ئەم مانگی ئۆکتۆبەرە؛ لەنێو کەمپینی شەرم مەکە سێ هەزار و 687 خانم بەشداربوون، زۆرترینیشیان لە هەولێر و سلێمانی بوون بە رێژەی 37.6% و 35.8%. پاشان دهۆک و هەڵەبجە.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر پەسنی رووداو دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتەکە و دەڵێت هاوکار و هاوئاهەنگین لەگەڵ یەکدی.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، ''رووداو لە هۆشیاریی تەندروستی زۆر کاریگەرە و لەگەڵ دێسکی تەندروستیی رووداو هاوکار و هاوئاهەنگین''.
ئەو وەکو تەندروستیی هەولێر یەکێک لە کار و پڕۆژەکانیان ئاشکرا دەکات کە بۆ زیادکردنی ئاستی هۆشیاریی تەندروستییە و راگەیاندنی کەمپینی جیاوازە بە مەبەستی ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکرێت، تەنانەت گوتی: خۆپاراستن لە کۆرۆنا هەلێکی باش بوو بۆ زیادکردنی هۆشیاریی تەندروستی و یەکێک لە پڕۆژەکانمان هاندانی خەڵکە بۆ پشکنینی پێشوەختە.
د. هەرمێ نەقشبەندی، پسپۆڕی پزیشکیی گشتی و سەرپەرشتیاری لیژنەی پزیشکیی شەرم مەکە راستییەک ئاشکرا دەکات و دەڵێت: پشکنینی زۆرمان بۆ بەشداربووان کرد، دەرکەوت کە هەندێکیان شێرپەنجەیان هەیە و باش بوو کە لە قۆناخە زووەکاندا دەستنیشان کران لەکاتێکدا کە هیچ نیشانەیەکیان نەبوو.
ساڵانە دێسکی تەندروستیی رووداو ئەم کەمپینە بە پڕۆژەی جیاواز دەکاتەوە کە کەرتی تایبەت و گشتی بەشدارن و هەزاران خانم هۆشیار دەکرێنەوە و ژیانیان لە مەترسیی بەربڵاوترین شێرپەنجە لە جیهاندا دەپارێزرێت.
ساڵی رابردوو دوو هەزار و 180 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن، شێرپەنجەی مەمک بەربڵاوترین شێرپەنجەیە و لە ساڵی 2025 دا دوو هەزار و 180 تووشبووی شیرپەنجەی مەمک تۆمار کراون، لە ساڵی 2013-2019 شێرپەنجەی مەمک بەرزترین رێژەی تۆمار کردووە. هاوکات لە هەولێر 39.4 حاڵەت و لە دهۆک 18.1 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بۆ هەر 100 هەزار کەسێک تۆمار کراون.
بەپێی WHO، رێگەکانی پێشگیریکردن لە شێرپەنجە دەکرێت ئەمانە بن؛
* خۆراکی تەندروست
* کەمخواردنی خۆراکە لەقوتوونراوەکان
* دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
* دوورکەوتنەوە لە کحول
* وەرزش
* کێشڕێکی
* ژینگەی خاوێن
* خۆپاراستن لە تیشکە زیانبەخشەکان


