رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی وێستەرن لە کەنەدا ئاماژە دەدات، دەرمانی (پریدنیزۆلۆن) کە بۆ چارەسەری نەخۆشیی رۆماتیزم لە منداڵاندا بەکاردەهێندرێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش و قەڵەوی.
زانکۆی وێستەرن دەریخستووە، توێژینەوەکە لەسەر 62 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ ئەنجامدراوە کە دەرمانی 'پریدنیزۆلۆن'یان بەکارهێناوە، دەرکەوتووە کە 29%یان کاریگەریی لاوەکیی قەڵەوبوونیان لەسەر دەرکەوتووە.
د. رێنی پانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت "دەبێت زۆر وریابین لە بەکارهێنانی بڕی دەرمان لە منداڵاندا، پێویستە بە گوێرەی تەمەن و دۆخی تەندروستی منداڵەکە بڕی دەرمان دیاری بکرێت".
بەگوتەی د. رێنی پانگ، پریدنیزۆلۆن کە لە گرووپی دەرمانەکانی گلوکۆکۆرتیکۆیدە، بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان و چالاکیی زیادەی سیستمی بەرگریی جەستە بەکاردێت، بەڵام دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی کێش و گۆڕانکاری لە شێوازی کۆبوونەوەی چەوری، بەتایبەتی کاتێک بە بڕی بەرز و بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربهێندرێت.



