رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، دوو ڤاکسینی تاقیکاری دژی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی ئیبۆلا تاقیدەکرێنەوە و کە ئەوانیش هەریەک لە ڤاکسینەکانی ChAdOx1 و ڤاکسینی mRNA-1469.
ڤاکسینەکان لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد، پەیمانگەی سیروومی هیندستان و کۆمپانیای مۆدێرناوە داهێنراون.
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی فەرمیی تەندروستیی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ؛ تاوەکو رۆژی هەینی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا گەیشتووەتە پێنج هەزار و 372 کەس و رێژەی گیانلەدەستدانیش لەنێو تووشبوواندا 51.6%ـە.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: لە ئەم قۆناخەدا، تەرکیزمان هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ڤاکسین دژی ئیبۆلای بوندیبوگیۆ، کە ئەمڕۆ رامانگەیاندووە کە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکانیان سەرکەوتوو بوون و پەسند کراون بۆ ئەوەی بچنە قۆناخی دووەم و سێیەم، ئەمەش بەهۆی داتای زۆر ئومێدبەخشەوەیە لە رووی سەلامەتی و بەرگریی سەرەتاییەوە، کە زۆر زۆر جێگەی دڵخۆشییە.
ئەمە گەورەترین بڵاوبوونەوەی ئیبۆلایە لە مێژووی کۆنگۆدا و لە دوای پەتای ساڵانی 2013-2016 لە رۆژئاوای ئەفریقا، گەورەترینە لەسەر ئاستی جیهان.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە سنووری وڵاتەکەشی تێپەڕاندووە، هەرچەندە گواستنەوەی لە شوێنەکانی دیکە سنووردارە.
- نەیجیریا لە 31ـی ئۆکتۆبەر رایگەیاند کە دوو حاڵەتی گوماناوی لە ویلایەتی ئاداماوا دوای دوو جار پشکنین، ئەنجامەکانیان نێگەتیڤ بوون، بەمەش تەنیا یەک حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون لە وڵاتەکەدا ماوەتەوە.
- ئەمریکا لە 1ـی تشرینی دووەم رایگەیاند کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی پەتایەکە، رێکارەکانی گەشتکردن زیاتر تووند دەکاتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، لە درەنگانی 3ـی تشرینی دووەمەوە، هەر کەسێک گەشتی نێودەوڵەتی بەرەو ئەمریکا بکات، دەبێت بیسەلمێنێت کە لە ماوەی 21 رۆژی رابردوودا لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ نەبووە.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- پەڵەی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو


