رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی وێستێرن ئوسترالیا دەریخستووە، ئەو کەسانەی دەرمانی دابەزاندنی کێش بەکاردەهێنن، ئەگەر هاوکات راهێنانی قورسایی (بەرگری) ئەنجامبدەن، نەک تەنیا پارێزگاری لە ماسولکەکانیان دەکەن، بەڵکو هێزی جەستەییشیان زیاد دەکات.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەرمانەکانی وەک سێماگلوتاید (ئۆزێمپیک) و تایرزێپاتاید (مۆنجارۆ) کە بە شێوەیەکی باو بۆ دابەزاندنی کێش و کەمکردنەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ بەکاردەهێنرێن، دەکرێت ببنە هۆی لەدەستدانی ماسولکە، بەڵام راهێنانی بەرگری رێگری لەمە دەکات.
پرۆفیسۆر د. وینسۆرپ دانی گرین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "پێویستە راهێنانی قورسایی بەشێک بێت لە رەچەتەی پزیشکی کاتێک خەڵکی دەرمانێکی دابەزاندنی کێش وەک تایرزێپاتاید بەکاردەهێنن."
توێژینەوەکە بۆ ماوەی 40 هەفتە بەردەوام بوو و 120 پیاو و ژنی قەڵەو یان کێش زیاد لەنێوان تەمەنی 50 بۆ 70 ساڵان بەشدارییان تێدا کرد. نیوەی بەشداربووان هەفتانە سێ جار راهێنانی قورساییان دەکرد و سەرجەمیان کێشیان بە تێکڕای نزیکەی 22 کیلۆگرام دابەزی.
ئەنجامەکان دەریانخست، ئەو بەشداربووانەی راهێنانی بەرگرییان کردبوو، 25% کەمتر ماسولکەیان لەدەستدا و هێزی جەستەیان 10% زیادیکرد. لە بەرامبەردا، ئەو کەسانەی راهێنانیان نەکردبوو، هێزی جەستەیان بە رێژەی 10% کەمیکردبوو.


.png&w=3840&q=75)