رووداو - تەندروستی
سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان UNFPA رایدەگەیێنێت، لە لوبنان 50 بنکەی تەندروستی ناچارکراون کە دابخرێن، ئەمەش بەهۆی بۆردوومانە چڕەکانەوەیە بۆ ئەو وڵاتە.
سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان ئاماژە بەوە دەکات، منداڵ و خانمانی وڵاتەکە لە مەترسیی جیدیدان بەهۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستیی کۆئەندامی زاوزێ، نەبوونی خزمەتگوزاریی پاکوخاوێنی و ناڕێکیی خزمەتکردنە دەروونییەکان.
هاوکات UNFPA ئەوەش باس دەکات، تیمە گەڕۆکەکانیان بەردەوامن لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە تەندروستییەی لەو وڵاتەدا هەن، بەتایبەت پاراستنی پاکوخاوێنی و چاودێریکردنی خانمانی دووگیان و پێشکێشکردنی رێنوێنیی دەروونی بەوانەی تووشی تەنگژەی دەروونیی دوای رووداوەکان بوون.
''زیاتر لە 500 هەزار کەس ئاوارە بوون''
بەگوێرەی رێکخراوی ماڵتای لوبنان، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە 500 هەزار کەس ئاوارە بوون، لە سەرەتای ئەم هێرشە نوێیانەی ئەم جەنگەی ئێستا، 300 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزاریش بریندار بوون.
ئومەیمە فەرەح، بەڕێوەبەری پەرەپێدان و پەیوەندییەکانی رێکخراوی ماڵتای لوبنان دەڵێت: ئەو خەڵکەی هاوکارییان دەکەن ترساون، دڵتەنگن و باوەڕناکەن بەو دۆخەی کە ئێستا تێیکەوتوون.
''پێویستە کچان و ژنان لە باشترین کواڵیتیی ژیانیاندا بن''
رێکخراوی جیهانیی پزیشکانی بێسنووریش رایدەگەیێنێت، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی 150 شارۆچکە و گوندی لە باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان کردووە، کە 80٪ـی خاکی لوبنان دەگرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس.
رێکخراوەکە باسی ئەوە دەکات، ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی رابردوودا بۆ سەر لوبنان بریندار بوون، ئێستا خەریکە چاک دەبنەوە، بەڵام ئەوەتا دووبارە تووشی ئاوارەیی و وێرانکاری بوونەتەوە.
لەبارەی تیمەکانیانەوە ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تیمەکانیان چوونەتە نێو لوبنان و بە گەڕۆکی و بە جێگیری کاری خۆیان دەکەن. ئامانجیشیانە زۆرترین سوود بە کچان و ژنانی دووگیان بگەیێنن تاوەکو لە باشترین کواڵیتیی ژیانیاندا بن و دووچاری نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی زاوزێ و لێکەوتەکانی پیسی نەبن.
دواین ئامارەکان
بەپێی دوایین ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، تاوەکو ئێستا 759,300 کەس وەک ئاوارە تۆمار کراون، کە 122,600یان لە ناو پەناگە فەرمییەکاندا نیشتەجێن. یاریگەی وەرزشیی کامیل شەمعون لە بەیرووت بووەتە یەکێک لە گەورەترین پەناگەکان.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی گشتیی لوبنان، لانیکەم 394 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، کە 83یان منداڵ بوون.



