رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان شیرێکی منداڵانی بە ناوی Optilac لە بازاڕەکان کشاندەوە، کۆمپانیاکەش هاتەدەنگ و رایدەگەیێنێت، ''لەلایەن تەندروستیی عێراقەوە مۆڵەت دراوەتە هەر بەرهەمێک کە ئەورووپی بێت و لە چینەوە هاوردە بکرێت.''
ئەمڕۆ دووشەممە 18-5-2026 جۆنی عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای Optilac بە رووداوی راگەیاند، شیرەکە فەرەنسییە و تەنیا لەقوتووکردنی لە چین دەکرێت. هەروەها ئەوان بەدواداچوونیان دەستپێکردووە بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە کە هۆکاری قەدەخەکردنی شیرەکەیان پێبدەن.
بەگوێرەی ئەو کۆمپانیایە، تەندروستیی عێراق هیچ کێشەی لەگەڵ ئەو شیرانە نییە کە لە چینەوە لەقوتووکردنیان بۆ دەکرێت، تەنانەت هۆکاری ئەوەی کە لەقوتووکردنەکەی لە چینەوەیە روون دەکاتەوە بەوەی کە لەوێ خەرجییەکان کەمترن و ئامانجەکەش ئەوەیە بە نرخێکی هەرزان شیرەکە بکەوێتە بازار بۆ خەڵک.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک کە ئاڕاستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی دەکات، داوای لەنێوبردن و کشانەوەی جۆرە شیرێکی منداڵان دەکات لە بازاڕەکاندا و رایدەگەیێنێت، بەپێی پێوانەکانی عێراق نییە. (راپۆرتەکە ببینە)
