رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی، هۆشداری دەدات لە ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشیی ئیبۆلا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 26-6-2026 رزگار عومەر پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند "ڤایرۆسی ئیبۆلا لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ بە شلەی جەستەی کەسێکی تووشبوو یان لە رێگەی بەرکەوتنی کەسێکی ساخ بەو کەلوپەلانەی بە ڤایرۆسەکە پیسبوون دەگوازرێتەوە، ئێستا بەهۆی زیادبوونی جووڵەی بازرگانی، گەشتیاری و هێنانی ئاژەڵ مەترسی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئیبۆلای لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بووە.
ئەو پسپۆڕەی تەندروستیی گشتی داوایکرد، رێکارەکان لە سنوورەکان تووندتر بکرێن و گوتی، "ئەو کەسانەی لەو ناوچانەوە دێن کە نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، پێویستە پشکنینیان بۆ بکرێت."
سەبارەت بە چارەسەر و ڤاکسین، رزگار عومەر ئاماژەی بەوەدا کە تاوەکو ئێستا تەنیا بۆ یەک جۆری ڤایرۆسی ئیبۆلا ڤاکسین دۆزراوەتەوە و هەندێک دەرمانیش هەن کە رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە دەکەن، بەڵام ئەو ڤاکسینە لە هەرێمی کوردستان بەردەست نییە.
رزگار عومەر مەترسیی نەخۆشییەکەشی خستەڕوو و گوتی، "تێکڕای رێژەی مردن بە ڤایرۆسی ئیبۆلا نزیکەی 50%ە و لە هەندێک حاڵەتدا بۆ 90% بەرز دەبێتەوە."