رووداو - تەندروستی
زۆرێک لە خەڵکی ئەو پرسیارەیان لەلا دروستبووە کە بۆچی تای خوێنبەربوون ساڵانە پێش جەژنی قوربان پەیدا دەبێتەوە و چەندان کەسیش دەبنە قوربانی؟ ئەندامێکی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون ئاشکرای دەکات، بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پەیوەندیی راستەوخۆی بە جەژنی قوربانەوە نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 26-5-2026 د. فەرەیدوون حەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئەگەر جەژنی قوربان بکەوێتە وەرزە ساردەکان، تووشبوون بە تای خوێنبەربوون کەم دەبێتەوە و رەنگە هیچ تووشبوویەکیش تۆمار نەکرێت، تەنانەت باسی نەخۆشییەکەش نەکرێت.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەم ساڵانەی دواییدا جەژنی قوربان و سەرەتای بەهار و هاوین هاوکاتن و ئەگەریش ئەو هاوکاتییە نەما ئەوا دەشێت جەژنی قوربان تەواو ببێت، ئینجا تای خوێنبەربوون زیاد ببێت.
تای خوێنبەربوون پەیوەندیی بە خوێنەوە هەیە و هەر کاتێک رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ زۆر بوو، ئەوا ئەگەری بڵاوبوونەوە و تووشبوون بەو نەخۆشییە زۆر دەبێت.
رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون
1- سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان قەدەخەیە، تەنیا لە شوێنە رێگەپێدراوەکان بێت.
2- گۆشتفرۆش و قەسابەکان جلوبەرگ و کەلوپەلی خۆپاراستن لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵ و گۆشتەکەی لەبەر بکەن، بەتایبەت دەستکێشی لاستیکی.
3- دوای سەربڕینی ئاژەڵ، شوێنەکەی و کەلوپەلەکانی سەربڕین پاک بکرێنەوە بە گیراوەی تێکەڵی کلۆر (0.5٪) لەگەڵ فاستی رێژەی 6٪ بۆ 11 بەس ئاو.
4- هاونیشتمانییان گۆشتی سوور لە شوێنی رێگەپێدراو بکڕن، لەکاتی دەستدان لە گۆشت، دەستکێش لەدەستبکەن، تەختەی لەتکردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتکردنی سەوزە و شوێنی لەتکردنەکەش بە ئاوی گەرم و سابوون یاخود تێکەڵەی ئاو و فاست بە باشی خاوێن بکرێتەوە.
5- گۆشت بە باشی بکوڵێندرێت.
6- جلوبەرگی قۆڵدرێژ و رەنگکاڵ بۆ ئەو شوێنانەی گەنەیان تێدا زۆرە لەبەر بکرێن، کرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێر و گەنە بۆ جەستە بەکاربێت.
7- رشاندن بۆ ئاژەڵان بکرێت بەپێی پلانی ساڵانیە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.
8- پابەندبوونی کارمەندانی تەندروستی بە لەبەرکردنی کەرستە و جلوبەرگەکانی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون.
