رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە هاوکارێکی باشی ئابووریی عێراق بێت''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە.
رۆژی یەکشەممە، 14-06-2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی (نیوڕۆژ)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکیشی دەکات، تیشکی خستە سەر نێوەرۆکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق.
دڵشاد شەهاب رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندە سەربازییەکە بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، بۆ دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر هەناردە بکەن.
هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لەسەر ئابووریی عێراق
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەبوونی ''گرووپە لە یاسا دەرچووەکان'' لە عێراق بووەتە هەڕەشە بۆسەر دامەزراوە ئابوورییەکان، نێردە دیپلۆماسییەکان و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و گوتی: "ئەم هێزانە ئاڵۆزییەکی گەورەیان بۆ عێراق دروست کردووە و یەکێک لە کاریگەرییە خراپەکانیش وەستانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتە."
دڵشاد شەهاب گوتی، هەرێمی کوردستان دەمێکە هۆشداری لە مەترسیی هەبوونی گرووپە چەکدارەکان دەدات و ''ئێستا دەرکەوتووە کە ئەم گرووپانە بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری و خراپبوونی دۆخی ئابووریی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.''
بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب باسی لە ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی ئابووریی عێراق کرد و گوتی: '''بەهۆی داخراویی تەنگەی هورمز، ئێستا بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان تاکە رێڕەوی کارایە بۆ هەناردەکردنی نەوت.''
وەک گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێشتر رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بۆرییەکەدا هەناردە دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بڕەکەی دابەزیوە.
دڵشاد شەهاب لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی باشووری عێراق لە رێگەی تانکەرەوە بۆ هەناردەکردنی بە بۆریی هەرێمی کوردستان گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە. ئەگەر عێراق توانای زیادکردنی بەرمیلێک نەوتی هەبێت، ئێمە رێگەخۆشکەر دەبین، چونکە دواجار بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتە."
کۆتاییهێنان بە بۆشاییە ئەمنییەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، سوپاسالاری عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆی بە ئاستی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پیشان دا.
وەک دڵشاد شەهاب دەڵێ، ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی ''تیرۆریستان'' دەیانقۆزنەوە، ئێستا تاوەکو رادەیەکی زۆر پڕکراونەتەوە و هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق وەک یەک هێز لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا کاردەکەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
رووداو: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سوپاسالاری عێراق چۆن بوو؟
دڵشاد شەهاب: زۆر سوپاس، سەبارەت بە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە؛ ئامانج لە هاتنی ئەو شاندە بریتییە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی گەرەنتییەکی ئەمنی تاوەکو کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانی خۆیان بکەنەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت. ئێمە پێشتریش زۆرجار رامانگەیاندووە کە هەبوونی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان لە عێراق و بوونەتە هەڕەشە لەسەر ناوخۆی عێراق و دامەزراوە ئابوورییەکان، لەسەر نێردە دیپلۆماسییەکان و تەنانەت لەسەر دراوسێیەکانی عێراق، ئاڵۆزییەکی زۆر گەورەیان بۆ عێراق دروست کردووە و کاریگەریی ئەمەش رۆژ دوای رۆژ دەردەکەون.
یەکێک لەو کاریگەرییە بنەڕەتییانە بابەتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتە، چونکە بەداخەوە لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران گورزێکی زۆر گەورە بەر عێراق کەوت. هەموو هۆکارەکانیشی بۆ هەبوونی ئەو هێزانە دەگەڕێتەوە. دەمێکە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی روونە لە بەرامبەر ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان و پرسی هەڕەشەکانیان. ئێمە هەموو کات جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئەمانە دەبنە هۆکاری ناسەقامگیری لە عێراق.
بێگومان هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە کە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ عێراق بکات یان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا [هاوئاهەنگی] هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە هاوکارێک، پاڵپشتێک بۆ ئابووریی عێراق کە دواجار رەنگدانەوەی بەسەر هەموو دۆخەکەدا دەبێت.
بێگومان بەڕێز زەیدی هەنگاوێکی زۆر باشی ناوە؛ خۆی لە لێدوانە فەرمییەکانی خۆیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە مووچە یان لە هەموو عێراق نابێت یانیش بۆ هەموو عێراق دەبێت، واتە هەرێمی کوردستان چیدیکە بەهۆی کێشەی سیاسی یان ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و بەغدا، لە شایستە داراییەکانی و مووچەی فەرمانبەرانی بێبەش ناکرێ. ئەمە هەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە و لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە زۆر بە ئەرێنی وەرگیراوە. لە بەرامبەریشدا هەر لە سەرەتاوە، دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بۆ حکومەتەکەی بەڕێز زەیدی و هاوکاری و هاوئاهەنگیی تەواویش پیشان دراوە بۆئەوەی بەشدار بین لە بەهێزکردنی ئابووریی عێراق.
خۆتان دەزانن ئێستا تاکە رێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کە کارایە (بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانە)، چونکە تەنگەی هورمز داخراوە و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە هەموو شوێنەکان وەستاوە و تەنیا رێڕەوی هەناردەکردن بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە کە راستە ناتوانێت هەموو پێداویستییەکانی عێراق لە داهات دابین بکات، چونکە ئەوەی عێراق پێویستی پێیەتی، بێگومان زۆر لەوە زیاترە. بەڵام دەتوانێت بەشێکی کاریگەر و کارا بێت. پێش ئەوەی ئەو هێرشانەی بۆسەر دامەزراوەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێن، بەپێی رێککەوتن نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە هەناردە دەکرا. ئێستا ئەوە دابەزیوە بۆ رەنگە کەمتر لە سەدا 20٪، واتە 80٪ـی وەستاوە. لە هەمان کاتدا توانای بۆریی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە و دەتوانێت کاریگەرییەکی باشی هەبێت لە هاوکاریکردنی ئابووریی عێراق. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی پیشان داوە کە ئەم بۆرییە لە خزمەتی ئەو دۆخەدا بێت. ئێستا بۆریەکە بەشێکی نەوتی کەرکووکی پێدا هەناردە دەکرێ لەگەڵ بڕێکی کەمی نەوتی هەرێمی کوردستان. یەکێک لەو هەنگاوانەی بە کردەیی دەستیپێکردووە ئەوەیە کە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتیی ئەمنی دەکەن، چونکە لەبەر ئەو هۆکارە وەستاون.
رووداو: پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو بابەتە، با پرسیارێکی دیکە بکەم. جگە لە نەوتی کەرکووک، عێراق داوای کردووە نەوتی خوارووی عێراقیش لە رێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە بکرێ؟
دڵشاد شەهاب: من ئەو وردەکارییە تەکنیکییانە نازانم، چونکە نەوتی خوارووی عێراق بە چ شێوەیەک بەستراوەتەوە بە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەویش پرسیارە، واتە نەوت لە خوارووی عێراقەوە چۆن دەگوازرێتەوە بۆ ئێرە.
رووداو: لە کۆبوونەوەی رابردووی شاندی باڵای هەردوو لا باسی ئەوە کرا کە بە تانکەر، بۆ نموونە بگەیێندرێتە هەرێمی کوردستان و لێرەوە هەناردە بکرێ.
دڵشاد شەهاب: بێگومان بە تانکەر هەوڵێکە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستانەوە، هەر توانایەکی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بۆ گەیاندنی نەوتەکەی بە بۆریی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و ئامادەیی دەربڕیوە کە هاوکار دەبێ بە هەر شێوازێک کە هەبێت. توانای بەرهەمهێنان لە کەرکووک زیاد دەکرێ، ئەمە هەنگاوێکە. توانای بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێ و گەرەنتی دەدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت، کە ئامانجی سەرەکیی هاتنی ئەم شاندەیە بۆ ئەوەی ئەو دڵنیاییە بدرێ و بە هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بتوانن گەرەنتی ئەوە بکەن کۆمپانیاکان پارێزراو دەبن لە بەرهەمهێنان لە کاری خۆیان و هەر شێوازێکی دیکەش کە باسی کرابێت، ئینجا بە تانکەرە یان بە هەر شێوەیەک.
ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە ئەگەر عێراق توانای زیادکردنی بەرمیلێکی هەبێت، ئەم بەرمیلە لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێ، چونکە دواجار بۆ ئابووری وڵاتە و ئەمە لە هەڵوێستی حکومەت و سەرۆکایەتییە و ئەمڕۆ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەم هەنگاوانە پیشان دا و دەستخۆشیشی بۆ ئەو هەنگاوەی بەڕێز سەرۆکوەزیران پیشان دا.
لەپاڵ ئەمانەیشدا بێگومان بابەتێکی دیکەی زۆر گرنگ باس کرا، ئەویش ئەو هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەیە کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق هەیە و هەروەها باسی ئەو هەنگاوانەش کرا کە دەستیان پێکراوە بۆ ئەوەی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت، چونکە زۆر بە روونی باسی لێکەوتەکانی ئەم بابەتە کرا لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق. بێگومان پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێیەکان کاریگەریی ئابووری، ئەمنی و دیپلۆماسیشیان هەیە. عێراق بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر دراوسێکان بەهۆی هەبوونی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان و ئەمە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و دراوسێیەکانی هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و دەوروبەری خۆی. بێگومان عێراق ناتوانێت لەم بابەتەدا بێ هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەموو دەوروبەر و دراوسێیەکانی خۆی، رووبەڕووی ئەم هەموو ئاڵنگارییانە ببێتەوە. بۆیە یەکەمین هەنگاو کە ئێستا خەریکە بەڕێوەدەچێت و ئومێد دەکەین کە [جێبەجێ بکرێ]. ئەمە دەمێکە داواکاریی هەرێمی کوردستان بووە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە رێکبخرێنەوە، چەک بە دەستیانەوە نەمێنێت و وەک هەڕەشە نەمێنن. هەڕەشەی ئەو گرووپانە گەیشتووەتە ئاستێک کە بیر لەوە بکرێتەوە نێردە دیپلۆماسییەکان عێراق جێبهێڵن لە ترسی ئەوەی کە رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە. بە جیدی خراپەکاریش ئەنجام دراوە لەبەرامبەر نێردە دیپلۆماسییەکان.
بۆیە ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو، بەڕێز سوپاسالار زۆر بە روونی جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا هاوئاهەنگییەکی زۆر باش، وەک یەک هێز لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا کە وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە رێک بەوشێوەیەیە، هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزی عێراقی، بەتایبەتی سوپای عێراقدا هەیە. ئەو کەلێنە ئەمنییانەی هەموو کات هەڕەشە بوون، ئەمە بابەتێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو کە هەمیشە هەڕەشە بوون و تیرۆریستان توانیبوویان لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی سوپای عێراقدا هەبوو (بەکاریان بێنن) .
رووداو: ئێستا هەموو ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕکراوەتەوە؟
دڵشاد شەهاب: بەپێی هەڵسەنگاندنی شاندی سەربازیی عێراقی کە بەڕێز وەزیری پێشمەرگە و بەڕێز سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەش ئامادە بوون، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوان هەموویان جەختیان لەوە کردەوە کە ئێستا هاوئاهەنگییەکی زۆر باش هەیە و سوپاسالاری عێراق زۆر دڵخۆشی و ئاسوودەیی خۆی پیشان دا لەو هاوئاهەنگییەی هەیە و وەک یەک هێز بەرەو رووی ئەو هەڕەشە ئەمنییانە دەبنەوە و دڵنیاییان دا لەوەی کە دەتوانم بڵێم ئەم بۆشاییە بۆ ئاستێک کەمبووەتەوە کە دەکرێ بڵێین مەترسیی ئەمنی بۆ قۆستنەوەی بۆشاییەکە نەماوە. ئەمە بەو واتایە نییە کە هەڕەشەی ئەمنی نەماوە. هەڕەشە هەیە، چونکە بیری تووندوتیژی و توندڕەوی هێشتا لە ناوچەکەدا هەیە، هێشتا ئەم هەوڵە پێویستی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتییە، هێشتا پێویستیی بە هاوئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام ئەو بۆشاییانەی کە هەبوون یان هەندێک جار رەنگە زۆر هاوکاری نەبووبێ، لێکتێنەگەیشتن هەبوو، ئەمانە بەڵێ چارەسەر کراون و ئێستا هاوئاهەنگییەکی زۆر باش هەیە و سوپاسالار زۆر بە روونی ئەمەی خستەڕوو و سوپاسی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کرد، وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو پاڵپشتی و رێگەخۆشکردنەی کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هاوکار بوون لەو هاوئاهەنگی و کارئاسانییە. بە گشتی دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەیەکی فرەچەشن بوو و لەسەر وردەکاری و هەنگاوی کردەیی قسە کرا و بێگومان کۆبوونەوەکان بەردەوامیشیان دەبێت. وەک ئێوە ئاماژەتان پێکرد، دواجار لە زۆر رووەوە ئەمە گرنگە، لە رووی هاوکاری و هاوئاهەنگییەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق گرنگە، لە رووی ئابوورییەوە گرنگە و لە رووی کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە گرنگە.
رووداو: یەکێک لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان و هەر هاتنی شاندەکەش بۆ ئەوەیە کە پێداویستیی سەربازی و ئەمنی بۆ کێڵگەکانی نەوت دابین بکرێ بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنان بکرێتەوە. هیچ بەڵێنێکیان دا و دەتوانن چی بۆ کێڵگەکان بکەن؟
دڵشاد شەهاب: راشکاو بم لەگەڵتان، هەڕەشەکانی سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێراقەوەن و لە ناوخۆی عێراقەوەیە هێرش کراوەتە سەر ئەو شوێنانە. ئەمە بەوە چارەسەر ناکرێ کە سیستمی بەرگری دابنرێ بۆ ئەوەی کێڵگەکانی نەوت بپارێزرێن. بەڵکو بەوە چارەسەر دەکرێ کە ئەو هێزانەی لە دەرەوەی سیستمی بەرگریی عێراق و لە دەرەوەی هێزی فەرمی و یاسایی عێراقدان چەکی وایان بە دەستەوە نەبێ کە بتوانن هەڕەشە بن. ئەم هەڕەشانە تەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان نەبوون.
بۆیە ئەوەی کە گفتوگۆی دەکرێ و رێککەوتنی لەسەر دەکرێ و هەنگاوی هاوبەشی بۆ دەنرێ، ئەوەیە کە بەتایبەتی بەڕێز زەیدی کردوویەتییە کاری لەپێشینەی خۆی کە چەک بە دەستی ئەو لایەنانەوە نەمێنێت کە هەڕەشە دروست دەکەن و جیدین. سوپاسالار جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوەی دڵنیایی دەبێ ئەوە بێت کە ئیدی ئەم هێزانە وەک سەرچاوەی هەڕەشە نەمێنن، ئینجا بە هەر شێوازێک کە حکومەتی عێراق چارەسەری دەکات. بۆیە دەبێ سەرچاوەکەی ببڕدرێ، نەک بیر لەوە بکرێتەوە [سیستمی بەرگری و دژە درۆن دابین بکرێ]؛ رەنگە ئەمەش بەشێکی رێکارە پێویستەکان بێت، بەڵام چارەسەرە سەرەکییەکە ئەوەیە کە سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە نەمێنێت و کۆکیش بوون لەسەر ئەوە. لە بنەڕەتدا بەڕێز سوپاسالار و هەموو ئەو ئامادەبووانەی لەگەڵی بوون، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی هەبوونی ئەم هێزانە ئاڵۆزییەکی زۆر گەورەن لە عێراقدا و عێراقیان تووشی ئیحراجی زۆر گەورە کردووە، جگە لەو زیانە ناوخۆییانەی کە هەن. هەروەها جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بە روونی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق تووشی ئیحراجییەکی زۆر گەورە هاتووە لە پەیوەندییەکانی خۆی، بۆیە بە هەر نرخێک بێت دەبێ ئەم پرسە چارەسەر بکرێ. ئەوان کۆک بوون لەسەر ئەوە و ئومێدێکیش هەیە. هەندێک لەو گرووپانە رایانگەیاندووە و دەست بە هەندێک هەنگاوی کردەیی نراوە، چونکە ئەمە بووەتە (سەنگی مەحەک) بۆ دەرچوونی عێراق لەم ئاڵۆزییانە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕی ناوچەکە بەسەر عێراقەوە بەستراوەتەوە بە نەمانی ئەو هێزانەوە.
رووداو: دوێنێ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆبووەوە و سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیچ دەکات بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییە سیاسییە؟
دڵشاد شەهاب: خۆی دۆخێکی زیانبەخشە. هەرچەندە من وەک گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشدارم لێرە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێش بەشدار بووم، جەنابی سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە ئەو دەسپێشخەرییەی کە رایانگەیاندووە بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و دەرچوون لەو قەیرانەی کە هەیە، تاوەکو ئێستا بەردەوامە و کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەو دەسپێشخەرییە دانەنراوە. بێگومان ئێمە پاڵپشتی و پێشوازی لە هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووییە.
رووداو: باسی ئەوەی یەکگرتووم کرد. یەکگرتوو خۆیان دەڵێن بۆ مانگێکە.
دڵشاد شەهاب: بەڵێ، دەزانم. ئینجا ئەو دەستپێشخەرییەی جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوامی هەیە و سەرکردایەتیی پارتی لە ئاستێکی باڵا لە پەیوەندییدایە لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە. کەناڵەکانی پەیوەندی نەپچڕاون و هەوڵ هەیە، بۆ ئەوەی بڵێم گەیشتووینەتە ئاسۆیەک یان رێگەچارەیەک کە دیار بێت، نەخشە رێگەیەک بۆ دەرچوون. هێشتا ئەم ئاسۆیە روون نییە، بەڵام هەوڵەکانیش بەردەوامن و لێیان بێ ئومێد نین و جەنابیان جەختیان لەوە کردەوە کە بەدوای هەموو دەرفەتێکی گونجاودا دەگەڕێین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەربچێت، هەروەها لەو ئیحراجییەی بەرامبەر دۆستانی خۆمان و میللەتی خۆمان هەیە، بەتایبەتی دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو ماوەیە. پێشتریش هەڵوێستی جەنابی سەرۆک روون بووە و دوێنێش جەختی لێ کرایەوە و دووپاتی ئەوەش کرایەوە. جەخت لە سەرکردایەتی کرایەوە کە کەناڵەکانی پەیوەندی بەردەوام بن و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی لەو دۆخە چەقبەستووییەی کە هەیە دەربچین. بڕوای من وایە و ئەوەی کە بەرجەستەم کرد لە گوتەکانی و پەرۆشی جەنابی سەرۆک بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، بەدوای هەموو رێگەیەکی یاسایی و رێزگرتن لە ئیرادەی میللەتی خۆماندا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنرێت و هەرێمی کوردستان زیانی تێدا نەبینێت.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس
دڵشاد شەهاب: سوپاس بۆ ئێوەش.

