رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە ئەمریکا سیاسەتێکی ژیرانەتر بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەر و کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت کە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا. دەشڵێت پابەندییەکی بەهێزمان بەرامبەر گەلی کوردستان هەبووە.
ئامۆس هۆشتاین، جێگری یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئێمە پابەندییەکی بەهێزمان بەرامبەر گەلی کوردستان هەبووە... هیوادارم بگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆژانەی کە پابەندیی خۆمان بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی کوردستان جێبەجێ دەکرد."
هۆشتاین پێیوایە سیاسەتەکانی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا "بووەتە هۆی لاوازکردنی پێگەی واشنتن"، گوتیشی، هاتنەکایەی حکومەتێکی دابەشبوو لە ئەمریکا، واتە کۆنگرێس لەژێر کۆنترۆڵی پارتێکی جیاوازدا بێت، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بڕیاری شەڕ هەبێت و رێگە لە "جەنگێکی دیکەی بێکۆتایی" بگرێت و "سەرۆک ناچار دەبێت بە شێوەیەکی جیاواز بڕیار بدات کاتێک بزانێت کۆنگرێس لەژێر کۆنترۆڵی پارتێکی دیکەدایە."
قسەکانی ئامۆس هۆشتاین ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 لە هەڤپەیڤینێکدا بوو لە بەرنامەی رێگەی کۆنگرێس کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پێشكێشیکرد.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئامۆس هۆشتاین:
رووداو: هەڵبژاردنی نیوەخول چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی دەرەوە دەبێت ئەگەر دیموکراتەکان یەکێک لە ئەنجوومەنەکان (نوێنەران یان پیران) ببەنەوە ئەگەر هەردووکیشیان نەبەنەوە؟
ئامۆس هۆشتاین: سەرەتا، هیوادارم دیموکراتەکان ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانیش ببەنەوە. دەبینین هەفتەی داهاتوو لە رۆژی هەڵبژاردندا چی روودەدات. پێموایە ئەمە بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هاوسەنگییەک بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ و ئەو ئیدارەیە دروست دەکات، کە بڕیار لەدوای بڕیاری داوە و بووەتە هۆی لاوازکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پێگەی متمانە ئێمەی کەمکردووەتەوە و توانای ئێمەی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ پیادەکردنی سەرکردایەتیمان لاواز کردووە. بۆیە هیوای من ئەوەیە بە بوونی چاودێری و هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا، بتوانین بگەینە خاڵێک کە تێیدا سیاسەتێکی دەرەوەی روونترمان هەبێت و بۆ گەلی ئەمریکا روونبکرێتەوە. کۆنگرێس دەسەڵات و هێزێکی زۆری هەیە، بەڵام پێموانییە پێویست بکات زیادەڕۆیی لە خەمڵاندندا بکەین و چاوەڕێی گۆڕانکاریی ریشەیی بکەین، چونکە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هێشتا زۆر بەهێزە و سەرۆک دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی بەشێکی زۆری ئەو کارانەی کە ویستوویەتی بیانکات، کە ئەمەش تەنیا دوای ساڵی 2029 دەگۆڕێت. بەڵام باوەڕم وایە کە بە بوونی کۆنگرێس لەژێر دەستی دیموکراتەکاندا، لانیکەم دەتوانین دەست بە کەمکردنەوەی کاریگەریی هەندێک لەو بڕیارانە بکەین.
رووداو: تۆ باشترین کەسی ئەو پرسیارەت لێبکەم؛ بینەرەکانی من کوردن؛ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە عێراق و سووریا و تورکیا و هەموو ئەو ناوچەیە. تۆ لە کۆنگرێس و کۆشکی سپیش کارت کردووە. ئەم هەڵبژاردنە چی لە ژیانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؟ خۆت دەزانی سیاسەتی دەرەوە گرنگە؛ هەروەها شەڕ لە ئێران و کشانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسەکانی دیکەش لە ناوچەکە.
ئامۆس هۆشتاین: من بۆ ماوەی 30 ساڵی رابردوو لە کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی کارم کردووە. ئێمە پابەندییەکی بەهێزمان بەرامبەر گەلی کوردستان هەبووە لەو کاتەوەی لە هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر. ئێمە پابەندیمان بەرامبەریان هەبووە. هیوادارم بگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆژانەی کە پابەندیی خۆمان بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی کوردستان جێبەجێ دەکرد، بەڵام لەوەش زیاتر، پێموایە دەبێت دەست بە داڕشتنی سیاسەتێکی زۆر ژیرانەتر بەرامبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین. ئەم جەنگە بەپەلە، بێ راوێژی دروست و بە خراپی جێبەجێ کرا و ئەمریکای خستووەتە بەردەم مەترسیی زیاتر. هەروەها ناوچەکەشی خستووەتە بەردەم مەترسیی زیاتری تووندوتیژی و ناسەقامگیری. پێموایە دەبێت هەنگاوێک بگەڕێینەوە دواوە و هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژین. ناتوانین ئەوەی کراوە هەڵیبوەشێنینەوە، ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ رۆژانی پێش جەنگەکە. کەواتە چۆن بگەینە خاڵێک بۆ بنیاتنانی جۆرێک لە چارەسەری دیپلۆماسی کە بمانگەیێنێتە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کشاندنەوەی هەندێک لەو هێزە هێرشبەرانەی هەمانە، بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانمان لە ناوچەکە و گەڕاندنەوەی دۆخی سەقامگیری لە هەموو روویەکەوە. هەروەها ئەمە بیرمان دەخاتەوە کە دەبێت سەرکردایەتیی خۆمان لە بنیاتنانی ژێرخانی زیاتر و لە پشتیوانیکردنی بنەما ئابوورییەکانی زۆر لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە پێویستیان پێیەتی، پیادە بکەین. من هەمیشە باوەڕم وابووە کە هەرچەندە زیاتر لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ناکۆکییە نێوخۆییەکان و ناکۆکییە بچووکەکاندا بەشدار بین، هەروەها هەرچەندە زیاتر لە بەرەی ئابووریی بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەشدار بین، بۆ هەموومان باشتر دەبێت و ئەگەری هەڵگیرسانی ململانێکان کەمتر دەبێتەوە.
رووداو: باس لەوە دەکرێت لەدوای هەڵبژاردنی نیوەخول، هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەستپێدەکات؛ ئێوە وەکو دیموکراتەکان چی دەکەن تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە ببەنەوە؟ پێتوایە بەربژێرێکی باشتان دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبژاردنەکە ببەنەوە؟
ئامۆس هۆشتاین: بەپێی هەموو ئەو شتانەی دەیانبینم، دیموکراتەکان ژمارەیەکی زۆر بەربژێریان دەبێت کە بەتوانا و لێهاتوون بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. پێموایە گوڕوتین هەر دەبێت. تەوژمەکە دەبێت. هەروەها دەچینە نێو ئەو پڕۆسەیەی کە دیموکراسییەت دەیکات. سەرەتا دیبەیتێکی زۆر گەرموگوڕ لەنێوخۆی پارتی دیموکراتدا دەکرێت لەسەر ئەوەی کێ دەبێت ببێتە بەربژێر، پاشان لە ساڵی 2028دا رووبەڕووی دەنگدەران و هەر کەسێک دەبینەوە کە پارتەکەی دیکە هەڵیدەبژێرێت.
رووداو: دوایین پرسیارم؛ بۆچی خەڵک لە کوردستان، لە عێراق، تورکیا، سووریا و ئێران دەبێت بایەخ بەم هەڵبژاردنە بدەن؟ شایەنی ئەوەیە بایەخی پێبدەن؟
ئامۆس هۆشتاین: وەک گوتم، پێموایە دەبێت سەرنج بدەنە ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا روودەدات، چونکە کاتێک دۆناڵد ترەمپ کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی پیران و سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەدەستدا بێت، ئەنجامەکانمان بینیوە. سەرەنجام دەکەوینە نێو جەنگێکەوە کە گەلی ئەمریکا نەک هەر نەیدەویست، بەڵکو هەر لە بنەڕەتیشەوە تێنەدەگەیشت بۆچی تێیکەوتووین. رۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لێرەدا چی بوو؟ بۆیە ئەگەر ئێستا حکومەتێکی دابەشبوو بێتە کایەوە، ئەوا گفتوگۆی زیاتر و سازشی زیاتر دەسەپێنێت، هەروەها کاریگەریی لەسەر بڕیاردان و ئەو بودجەیە دەبێت کە بۆ کردنی ئەم شەڕانە لەبەردەستن، کە دەیانەوێت بمانخەنە نێو جەنگێکی دیکەی بێکۆتاییەوە. پێموایە بەشێکی گەورەی ئەم بڕیارانەی کە لەلایەن سەرۆکەوە دەدرێن، بە شێوەیەکی جیاواز دادەڕێژرێن کاتێک بزانێت کۆنگرێس لەژێر کۆنترۆڵی پارتێکی جیاوازدایە.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس ئامۆس.
ئامۆس هۆشتاین: زۆر سوپاس.


