رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، پڕۆژەی گواستنەوەی گشتیی (سیتی پاس)ـی بۆ رێکخستنی هاتووچۆ لە شارەکان دەستیپێکردووە.
ئانۆ جەوهەر ئاشکرای کرد کە پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت ئەنجام دراوە و بە سیستەمی ئەپلیکەیشن کار دەکات.
سەبارەت بە تاکسییەکانیش گوتی، 95%ی پڕۆژەی رێکخستنی تاکسییەکان تەواو بووە و بەمزووانەش پڕۆژەی (تاکسیمیتەر) بە قیستی درێژخایەن بۆ شۆفێران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو چیدیکە کێشەی نرخی گواستنەوە نەمێنێت.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی دهۆکیش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتی: "نەخشەی فڕۆکەخانەکە گەیشتووەتە قۆناخــی کۆتایی، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی و بوونی شوێنەواری مێژوویی لە ناوچەکەدا، کارەکان بە وردی بەڕێوە دەچن و هەر کاتێک تەمویل هەبێت، دەست بە دروستکردنی دەکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەیانییان کە هەمووان دەچن بۆ دەوام، بە قەرەباڵخی دەچن، بە قەرەباڵخی دەست پێدەکەن، با بەوە دەست پێبکەین ئێمەش، چونکە دەزانیت ئیتر لە کاژێر 8 تاوەکو کاژێر 9 بەتایبەتی، جگە لە تەواوبوونی دەوام، ئەوانە لە کوردستان، لە هەرێمی کوردستان، جا لە هەولێر، لە سلێمانی، لە دهۆک، قەرەباڵخی زۆر هەیە. پرسیارەکەم ئەوەیە، کابینەی 9ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لە ناو شارەکان بە تایبەتی، ئینجا لە دەرەوەی شارەکانیش هەیە، بەس لە ناو شارەکان چی کردووە لە سیستەمی گواستنەوەی گشتیدا بە تایبەتی؟
ئانۆ جەوهەر: زۆر زۆر سوپاستان دەکەم کاک هیوا، هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن لەگەڵ هاوکارەکانتان لە رووداو، زۆر سوپاستان دەکەم کە بەم بەیانییە بەم بابەتە گرنگە دەستمان پێکرد. جەنابتان دەزانن لە هەموو جیهان لە کاتی دەستپێکردنی دەوام قەرەباڵخی دروست دەبێت، ئێمە لە کابینەی نۆ بەتایبەت لە بابەتی رێگاوبان، جەنابتان ئاگادارن رێگاوبانەکانمان، لە ناو شارەکان، یان لە دەرەوەی شارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتە جیاوازەکان، هەموویان، هەر یەک بە ئەرکی خۆی کاری خۆی کردووە. جگە لەمەش، ئێمە توانیمان لەم کابینەیەدا کاری گواستنەوەی گشتی رێکبخەین، یەک بابەتی تاکسی، دوو بابەتی پاسەکان یاخود ستی پاس کە سیستەمەکە هەمووی دیزاین کراوە و ئێستا پاسەکان لە رێگان و پڕۆژەی تاقیکارییەکە لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت پاسی مۆدێلی 26ـە و نوێیە و بە سیستەمێکی مۆدێرن کار دەکات، بە ئەپلیکەیشن، هەموو کار دەکەن لە سەنتەری شاری هەولێر. ئەمە دەبێتە پڕۆژەی تاقیکاری، وەک بەڕێزتان ئاگادارن، دیراسەی خاڵە لاوازەکان و خاڵە بەهێزەکان دەکرێت تاوەکو بتوانین لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش هەنگاو بە هەنگاو ئەم پڕۆژەیە جێبەجێی بکەین.
رووداو: پاسەکان کە لە رێگەن و دێن، ژمارەیان چەندە و چۆن کاریان پێدەکرێت؟ ئایا دەدرێتە کەرتی تایبەت یان کەرتی گشتیی؟ گواستنەوەکە چۆنە؟
ئانۆ جەوهەر: ئەوە بەخۆی گرێبەست کراوە لەگەڵ کەرتی تایبەت، تایبەتیش ئەم پاسانە دەهێنێ، بە شێوەی هاوبەش ئیدارە دەدرێ و ئێمە دواتر بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە خزمەتی رای گشتی رێکدەخات لەگەڵ بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر و لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستی لەگەڵ کراوە، لە کاتی گەیشتنی پاسەکان و لە کاتی ئامادەبوونی ئەپلیکەیشنەکان، گشت بابەتەکان بە تێر و تەسەلی بۆ خەڵکی کوردستان بۆ رای گشتی رادەگەیێنین.
رووداو: پاسەکان کەی دەگەن؟
ئانۆ جەوهەر: بەمزووانە.
رووداو: یانی ئەم زووانە دەچێتە سەری ساڵ؟
ئانۆ جەوهەر: من نامەوێت... ئەمڕۆ لە خزمەتی جەنابتانم، بابەتەکانم زۆر باس کرد، بەڵام بابەتەکە بڕیاردراوە لە وەزارەت، نەک ئەوەی پێشینە بدرێتە هیچ کەناڵێک، لە رێگەی کۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە تاوەکو وەکو یەک، یەکسان بین لە خزمەتی گشت رۆژنامەنووسان.
رووداو: باشە، بەس رێگەوبان بۆ پاسەکان ئامادەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: ئێمە کە پڕۆژەکەمان لە هەولێر دەستپێکرد، رێگەوبانەکانی هەولێر دەتوانین باس بکەین یەکێکن لە باشترین رێگەوبانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڵێ ئامادەن بۆ پڕۆژەی ستی پاس.
رووداو: یان ئێستا بۆ نموونە ئەگەر پاسەکان بەڕێوە بن، ئەگەر لە چینیش بێت، مانگێک، زۆر زۆری پێ نەچێت، ئەوپەڕی مانگێکی پێ دەچێت بۆ نموونە. ئینجا پرسیارەکەم ئەوەیە، لەسەر شەقامەکان شوێنی پاس نابینین تائێستا دیاریکرابێت، هێڵکاری بۆ شەقامەکان دەکرێت؟
ئانۆ جەوهەر: خەتی، یانی خەتەکان بەپێی ئەوەی کە دواتر بەڕێوەبەری گشتی روونی دەکاتەوە، خەتی سوور هەیە، خەتی زەرد هەیە، خەتی سپی هەیە، هەر یەکەو هاونیشتمانییان بۆ ناوچەیەکی دایریکراو دەگوازنەوە، لە چوارچێوەی ئەو زانیارییانەی لەنێو ئەپلیکەیشنەکەدا تۆمار کراون.
رووداو: بەڵام هێشتا هێڵکاری نەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ هێڵکاری کراوە، دیزاینەکە ئامادەیە، بەڵام لەنێو ئەپلیکەیشنەکەدا نەک لەسەر شەقامەکان، وەکو گوتم کە دەتەوێ لە ناوچەیەک بۆ شوێنێکی دیاریکراو بڕۆیت بەگوێرەی ئەو هێلە رەنگکراوانەی نێو ئەپلیکەیشنەکە دەتوانی بچی بۆی، دواتر حەزدەکەم بەڕێوەبەری گشتی لە خزمەتتاندا بێت، ئەو ئەندازیارە، باشتر دەزانێت ئەم شتانە شی بکاتەوە، ببوورە نەک نەمەوێت زانیاری زیاتر بدەم، من ئەندازیاری گواستنەوە نیم و بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەش نیم. حەزدەکەم هاوکارم لە وەزارەت کە ئەمە ئەرکی ئەوە و باشتر لەمن دەزانێت، بۆ خەڵک و رۆژنامەڤانانی روون بکاتەوە.
رووداو: دوایین پرسیار لەسەر ئەمە بکەم. کێشەیەک هەیە، بۆ نموونە، من کاژێر 8:30 خولەک دەمەوێت لە فڵان شوێن بم، دووری ئەو شوێنە لە ماڵەوە 15 خولەکە، من دەبێت 45 خولەک زووتر دەربچم. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەم ستی پاسە، ئەم پاسە مۆدێرنانە، ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات؟ یانی کێشەی درەنگ کەوتن نامێنێت؟
ئانۆ جەوهەر: دەزانی لە کاری گواستنەوە و گەیاندن، ئەنجامی تەواو نییە، هەوڵ دەدەین چەندمان پێبکرێت، بەگوێرەی ئەو ئامرازەی لەبەردەستن، خزمەتی هاوڵاتییان بکەین، کاتەکەیان بپارێزین، ئەوەی پێمان بکرێت ئەوە بکەین. هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ، ئاکرێ، راپەڕین، گەرمیان، بتوانین بیکەینە ئەو شارانەی کە بتوانن لە رووی گواستنەوە و گەیاندن لە خزمەتی هاوڵاتییان بن بە پێشکەوتووترین شێوە.
رووداو: زۆر باشە ویستت باسی تاکسی بکەیت، کە تاکسی میتەریشی پێ دەڵێن، ئەم پڕۆژەیە گەیشتووەتە کوێ؟
ئانۆ جەوهەر: ئێمە لە لە رێکخستنی کەرتی تاکسی دەستمان پێکرد، لە کابینەی نۆیەم دەستمان پێکرد، بە پڕۆژەی لۆگۆ و لەزگە و کارتی زانیاری بۆ گشت تاکسییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمە زۆر گرنگ بوو لەبەرئەوەی چەندین کێشە رووی دەدا، تاکسی و شۆفێرانی تاکسی چینێکی زۆر زۆر گرنگن، کار دەکەن بۆ خزمەتکردنی بنەماڵەکانیان، خێزانەکانیان، بەڵام کەمینەیەکی زۆر بچووک کێشەیان دروست دەکرد. بۆیە ئێمە کە دەستمان پێکرد، کارتی زانیاریمان دروست کرد. کە کارتی زانیاری دروست کرا، هەر شۆفێرێکی تاکسی سەردانی بنکەی پۆلیس، سەردانی موختار، سەردانی بنکەی ئاساییش، سەردانی بنکەی موکافەحە، دواتر سەردانی بەڵگەی تاوانیان دەکرد. هەر کەسێک کە پێشینەی تاوانی هەبێ، ئەوانە مافیان نەما وەکو شۆفێری تاکسی کار بکەن. کارتی زانیاری دروست کرا و کارتە زانیارییەکە بەردەستە، لۆگۆی بۆ دروست کرا، ژمارەی بۆ دروست کرا. ئێمە لەم پڕۆژەیە ئێستا گەیشتینە قۆناخی کۆتایی، یان دەتوانین بڵێین زیاتر لە 85% تەواو بووە، ئێستا کارتی زانیاری، لۆگۆ و ژمارە هەمووی تەواو بووە.
رووداو: زۆر بوون ئەوانەی کە مافی ئەوەیان نەبوو ببن بە شۆفێری تاکسی؟
ئانۆ جەوهەر: ئەوانەی کە مافیان نەبوو، بابەتێکی تایبەتە بە کەسایەتیی خۆیان، ئەوەی کە پێشینەی تاوانی هەبوو، بۆی نییە ببێتە شۆفێری تاکسی بێت. ژمارەیان زۆر کەم بوو و توانیمان ئێستا کە بەپێی ئەو ژمارانەی کە بۆمان هاتووەتەوە، کێشەی هاوڵاتییان لە کەرتی تاکسی زۆر زۆر کەم بووەتەوە.
رووداو: ئێستا لە هەرێمی کوردستان چەند کەس مافی ئەوەی هەیە شۆفێری تاکسی بێت؟ ژمارەیان چەندە؟
ئانۆ جەوهەر: مافی شۆفێری تاکسی، ئەمانەی ئێستا ئیجازەی شۆفێری تاکسییان هەیە زیاتر لە 70,000ـن،
رووداو: مەبەستم ئەوەیە کە ئەوەی ئەو مۆڵەتەی ئێوەی وەرگرتووە، بە پڕۆسێسەکەدا رۆیشتووە.
ئانۆ جەوهەر: زیاتر لە 70 هەزارن لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و کاریش لەسەر ئەوە دەکەین هەنگاو بە هەنگاو. ئێستا باسی تاکسیمیتەر دەکەین. تاکسیمیتەر ئێستا ئامێرەکان گەیشتوون و لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکرێت لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکان و هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە و هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە دڵنیاییەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکا، بۆ ئەوەی دەست بە دانانی پڕۆژەی تاکسی میتەر بکەین.
رووداو: لیژنەکە هێشتا دروست نەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: لیژنەکە دروست دەکرێت بەمزووانە.
رووداو: ئەمانە بە پارە دەدرێت بە شۆفێرەکان، بە خاوەن تاکسییەکان، یاخود بەبێ بەرامبەر دەدرێت؟
ئانۆ جەوهەر: نا، ئەوانە بە بڕە پارەیەک، بە قیستێکی درێژخایەن دەدرێت.
رووداو: گران دەکەوێت لەسەریان؟
ئانۆ جەوهەر: نا، بە هیچ شێوەیەک.
رووداو: ئەمە لە قازانجی خەڵکدایە یان...
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە لە قازانجی خەڵکدایە، لە قازانجی شۆفێری تاکسیشە لە هەمان کاتدا.
رووداو: چۆن لە قازانجی هەردووکیانە؟ یەکێکیان پارەدەرە ئەوەی دیکەیان پارە وەرگر.
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە، ئێستا جەنابت کە دەچیت کاڵایەک دەکڕیت، ئەم گڵاسە دەکڕی، ئەگەر کوالێتی باش بێت، لە قازانجی خۆتدایە و لە هەمان کات ئەم بەڕێزەی کە ئەم بازرگانەی کە ئەم گڵاسەشی هێناوە، ئەویش هەر قازانج دەکات. جەنابت وەک هاووڵاتی قازانج دەکەیت، بازرگانیش قازانج دەکات و ئەمە لە هەموو جیهانیش هەروایە، پێی دەڵێن مامەڵە، بۆیە رێکخستنی هەر بوارێک لە کۆمەڵگە، بەتایبەت لە بواری گواستنەوە... بێگومان ئەو ئامێرانە GPSیان تێدا دەبێت، ئەم GPSە بەکاردەهێنرێت لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئەوەی هەمیشە ژیانی هاووڵاتییان و ژیانی شۆفێرانیش لە هەمان کاتدا پارێزراو بێت.
رووداو: بەڵام ئەمە هەندێک جار گلەیی لێدەکەوێتەوە لەلایەن شۆفێرەکانەوە. یەکێک لە گلەییەکان ئەوەیە، بۆ نموونە، تۆ GPS دادەنێیت لە ئۆتۆمبێلی کەسێکدا، ئەو کەسە ئەمڕۆ کاری تاکسی ناکات، وانییە؟ ئەم هەفتەیە هەر تاکسییەکەی بۆ کاروباری تایبەتیی خۆی بەکار دەهێنێت. دەکرێت بە دوایەوە بیت بزانیت دەچێت بۆ کوێ و ناچێت بۆ کوێ؟
ئانۆ جەوهەر: دەزگای ئەمنی هەمیشە کە GPS بەکاردەهێنێ، بە بڕیاری دادوەرە، لە پێناو خزمەتی ئاسایشی هاوڵاتییان بەکاریدێنێ. خۆ ئەگەر باسی لەندەنیش بکەی، CCTV، لە ماڵی خۆت بێیتە دەرەوە تاوەکو دەگەڕێیتەوە ماڵی خۆت، کامێرات لەسەرە، دەزانن چوویە کوێ و هاتییە کوێ. خۆ ئەوە بەریتانیایە. من... لە بابەتی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان، هەموو شتێک لە رێی دادگا و یاسا دەکرێت.
رووداو: شتێک بڵاو بووەوە کە ئەم تاکسیمیتەرانە، یەکسەر باسی نرخ کرا، شۆفێرەکان گوتیان ئەمەی کە دانراوە، گوێمان لێ بووە دەدرێت، گوتیان ئەوەی کە گوێمان لێ بووە دادەنرێت، ئەوەی کە دانراوە لە بەرژەوەندییان نییە.
ئانۆ جەوهەر: بەڵام من سوپاسیان دەکەم ئەو گردبوونەوەیەیان کە کردبوو بۆ ئەوەی گەیاندبوویان، گەیاندنی دەنگیان بە حکومەت و ئێمە دەرگای وەزارەتەکەشمان کراوەیە، بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی لە وەزارەت ئامادەیە هەر کاتێک بێن لەگەڵیان دادەنیشین و بزانین داواکارییەکانیان چییە. بەڵام هێشتا لیژنەکە دروست نەکراوە.
رووداو: خەڵکیش دەیگوت، دەڵێن هەر دەرگای تاکسییەکە بکەیتەوە، سێ هەزارت لەسەر دەکەوێت.
ئانۆ جەوهەر: ئەمەش نییە تائێستا، واش نییە. دەزانی چۆنە، لیژنەکە ئەندازیاری تێدایە، نوێنەری سامانە سروشتییەکانی تێدا دەبێت، نوێنەری پارێزگا، نوێنەری سەندیکای تێدا دەبێت، ئەوان بڕیار دەدەن. بڕیارەکە، هی وەزیر نییە، بڕیارەکە لیژنەیەکی تایبەتمەندە لە پێناو بەرژەوەندیی هەم شۆفێری تاکسی، هەم هاونیشتمانی دەبێت. لە هەموو وڵاتاندا هەیە ئێمە ئەزموونی وڵاتان وەردەگرین، ئەم ئەزموونە بە کوردستانی دەکەین، لە خزمەت هاونیشتمانییانی خۆمان.
رووداو: لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ئامێرانە دابەش دەکرێ، ئایا مواسەفات و تایبەتمەندیی تاکسییەکان لەبەرچاو دەگیرێت؟ بۆ نموونە تاکسییەک کە زۆر مۆدێلی لە خوارەوەیە، بە ئاسانی ناگاتە شوێنی خۆی، ئەمانە هیچ پەیوەندیی هەیە بە تاکسیمیترەکانەوە؟
ئانۆ جەوهەر: بێگومان هەندێک بابەت هەیە، بە سوپاسەوە، بەڕێزان لە وەزارەتی ناوخۆ لێی بەرپرسن و ئەوان بڕیار دەدەن ئایا ئەم تاکسییە شیاوە کار بکات یان نا. ئەم بڕیارە دەبێت لەلایەن بەڕێزان لە وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری لەسەر بدەن.
رووداو: باشە. هەر باسی گواستنەوەیە، با لەسەر زەوییەوە بچین بۆ ئاسمان. هەندێک پرسیار لە بابەتی فڕۆکەخانەکانیش دەکەین. چەند بابەتێک هەن، یەکێک لەوانە تائێستاش زۆر باس دەکرێت، باسی فڕۆکەخانەی دهۆکە. فڕۆکەخانەی دهۆک گەیشتووەتە کوێ؟ بە نیازن چی بکەن؟
ئانۆ جەوهەر: دیزاینی فڕۆکەخانەی دهۆک تەواو بووە، دیزاینەکەی بە شێوازێکی نوێوە لەگەڵ کۆمپانیای (دار هەندەسە) دادەڕێژرێتەوە، دیزاینەکەی هەندێک شوێنی شوێنەواری لێبوو هەندێک شوێن ناشیاوبوون بۆ دروستکردنی رێڕۆ، دیزاین و خوێندنەوەیەکی نوێی بۆکرا، بەڵام دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئاستەنگی دروستکردووە. چاوەڕوانین ئەوەی بتوانین ئێمە پارەدارکردنێکی فڕۆکەخانەکە بکەین.
رووداو: واتە رەت نەکراوەتەوە، فڕۆکەخانەکە هەر دروست دەکرێت؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ فڕۆکەخانەکە دروست دەکرێت، نەخشەسازییەکەی تەواو بووە، بەڵام بەڕێزان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەو شارەزایانە و ئەو کۆمپانیایەی کە ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کردبوو بۆ ئەوەی دیزاینەکە نوێ بکاتەوە، چەندین ڕای جیاوازیان هەیە، تائێستا دیزاینی کۆتایی رادەستی وەزارەت نەکراوە، لەبەرئەوەی چەندین شوێنی نەگونجاو بوون، شوێنەواری مێژوویی لێبوو، بۆیە ئەوان بە شێوەیەک دیزاینەکەیان کرد کە ئێمە نابێت نزیکی ئەو شوێنەوارانە ببینەوە. نەخشەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە تەمویلەکەیە و بەڕاستی ئاگادارن ئێستا ئێمە زیاتر ئامانجی حکومەت ئەوەیە مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. بۆیە ئێمە هەر کاتێک بوونی تەمویلێکی گونجاو و بەمزووانەش ئەم تەسمیمە تەواو دەبێت، یانی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، ئێمە لە خزمەتی هاوڵاتییان دەبین. چەندین رای نوێ هەیە لەسەر لۆکەیشنی فڕۆکەخانەکە، بەڵام هەموو رایەکان جێگای دیراسەن.
رووداو: هێشتا شوێنی دروستکردنی دیاری نەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: شوێنەکەی دیاریکراوە، بەڵام رای جیاواز هەیە لەسەری، لەبەرئەوەی زۆر شوێنی شوێنەواری تێدایە و شوێنی رێڕۆ پێویستی بە تێچووی زیاترە لە رووی ئەندازەییەوە بۆ ئەوەی رێڕۆکەی چاک بکرێت، تێچووی زۆری دەوێت. بۆیە چەند رایەکی جیاواز هەیە.
رووداو: شوێنەوارەکانیش کەس ناتوانێ تێکی بدات. ئەم فڕۆکەخانەیە نێودەوڵەتی دەبێت؟
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە، کەس ناتوانێت دەستکاری شوێنەوار بکات.
رووداو: نێودەوڵەتیبوونی فڕۆکەخانەکە کاریگەری لەسەر فڕۆکەخانەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نابێت؟
ئانۆ جەوهەر: کوردستان یەک پاکێجە. کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بگاتە ژمارە یەکی عێراق، ئەمە بۆ هەموو کوردستان جێگای شانازییە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلالیش هەروەها جێگای شانازییە. ئێمە بە یەک چاو سەیری هەموو هەرێمی کوردستان دەکەین، نەک بە چاوی ئەوەی دهۆک یاخود هەولێر یاخود سلێمانی یاخود هەر شارێکی دیکەی کوردستان. پێشکەوتنی هەر فڕۆکەخانەیەک، پێشکەوتنی هەموو فڕۆکەخانەکانە.
رووداو: بۆچی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دۆلاری پاڵپشتیکراوە نییە؟ ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی هەبووە لە هەرێمی کوردستان؟
ئانۆ جەوهەر: ئەگەر دەرفەتم پێبدەیت، ئەوە ستراتیج نییە، ئەوە ستەمە، جیاوازیکردنە. لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (هەولێر)، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلال، وەکو هەموو فڕۆکەخانەکانی دیکە لە عێراق و دەکرا ئەم سەنتەری گۆڕینەوەی دراوە لە هەموویان هەبا.
رووداو: دوو سێ جار گوترا لێرەش دەکرێتەوە؟
ئانۆ جەوهەر: ئێمە نووسراومان کردووە، رێزدار فارس عیسا وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا بەدواداچوونێکی تەواوی بۆ کردووە و گەیشتووەتە جێگای مەبەست و نوێنەرایەتی لە بەغدا، چەندین ئەندام پەرلەمان، ئەندام پەرلەمانی کوردستانی لە بەغدا، ئەوانیش بەدواداچوونی بۆ دەکەن تاوەکو ئەم سەنتەرانە لە هەردوو فڕۆکەخانە، لە هەولێر و لە سلێمانیش بکرێنەوە.
رووداو: یاسایەک هەیە کە وای کردبێت ئەم سەنتەرانە لە هەولێر و لە سلێمانی نەکرێنەوە کە دۆلاری پاڵپشتیکراو دەدەن؟
ئانۆ جەوهەر: یاسا؟ هەرگیز، جیاوازیکردنە، ئەوە ستەمە لەو خەڵکە دەکرێت.
رووداو: چەند زیانی گەیاندووە بە هەرێمی کوردستان؟
ئانۆ جەوهەر: زیانی گەیاندووە، ژمارەی گەشتیاران کەم بووەتەوە، خەڵک دەچێتە کەرکووک گەشت دەکات. بەڵام ئەم بابەتە کاتییە و چارەسەر دەکرێت و ستەمیشە. ئێمە نووسراومان کردووە، بەدواداچوونی بۆ دەکەین ئێستا نووسراوەکە گەیشتووەتە شوێنی خۆی، لە بانکی ناوەندییە، بەڕێزان لە نوێنەرایەتی، بە تایبەت بەڕێز کاک فاررس عیسا، بەدواداچوونی بۆ دەکات.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ CMC لە چ ئاستێکدایە؟
ئانۆ جەوهەر: پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی گەیاندنی عێراقی، لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی، لەگەڵ CMC، لەگەڵ دەستەی ئەمینداران، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کۆمسیارانی CMC، پەیوەندییەکی باشمان هەیە و پەیوەندییەکی پیشەییە، لەسەر چەند بابەتێک هاوڕاو لە چەند بابەتێکییش هاوڕانین و هەوڵدەدەین ئەم بابەتانەی کە لەسەری هاوڕاین کاری هاوبەش بکەین و بتوانین بەهێزتری بکەین و ئەم بابەتانەی کە لەسەری رای جیاوازمان هەیە، بگەینە رێککەوتن.
رووداو: لەبارەی چییەوە رێک نەکەوتوون؟ بۆ نموونە، ئێستا کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان، چوار کۆمپانیا هەن هیچ لەم کۆمپانیایانە لە عێراقدا مۆڵەتیان نییە و عێراقیش دان بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستاندا نانێت. ئەمە گرفت نییە؟
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش حکومەتی فیدراڵ دامەزراوە، پەرلەمانی کوردستان پێش پەرلەمانی فیدراڵ دامەزراوە. ئێمە یاسامان هەبووە لە کوردستان پێش ئەوەی دەستوور هەبێت لە عێراق و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دامەزراوە پێش ئەوەی دەستوور هەبێ لە عێراق. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن مۆڵەتی داوە بە کۆمپانیاکان پێش ئەوەی کۆمپانیایەکی عێراقی هەبێت. ئێمە بەپێی دەستوور، پێویستیمان بەوە نییە کە ئێمە ئەم بابەتانەی کە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە، دانپێدانانی بەغدامان هەبێت و ئەم بابەتە جێگای گفتوگۆیە. سەردانی بەغدامان کرد، لەگەڵ CMC کۆبووینەوە، لیژنەیەکی هاوبەشمان دروست کردووە ئێستا لەگەڵ وەزارەت لەسەر هێڵین و لیژنەی هاوبەشیش دروست دەکەین لەگەڵ CMC و لەگەڵیان لەسەر هێڵ دەبین.
رووداو: سزای داراییی ئەم کۆمپانیایانە نەدراوە؟
ئانۆ جەوهەر: سزای دارایی هێشتا نەدراوە، ئەوان لیژنەیەکی گوێگرتنیان هەیە، بڕیارێکیان داوە منیش بەوانم گوتووە، ئێمە کۆنووسی هاوبەشمان هەیە پێش زیاتر لە 12 ساڵ، لە نێوان CMC و وەزارەت لەو کاتەدا و هەروەها وەزارەت کە ئەگەر بەغدا لە ماوەی ساڵێک یاسای CMC پەسەند نەکات، وەزارەتی گواستنەوە مافی هەیە کە مۆڵەت بداتە کۆمپانیاکانی پەیوەندی. ئەمە ساڵی 2012 یان 2013، بوو، کۆپییەک لەم کۆنووسە درا بەوان و ئێمە هێشتا چەندین رێگەی یاسایی و کارگێڕی و هەروەها سیاسیش هەن دەیگرینە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
رووداو: واتە تائێستا کێشەیە، سزای داراییش هاتووەتەوە؟
ئانۆ جەوهەر: سزای دارایی ئەوان بە تاکڕەوی داویانە، خۆ ئێمە لەسەری رێکنەکەوتووین.
رووداو: بەڵام بۆ نموونە ئەم کۆمپانیا گەورانەی هەرێمی کوردستان لە بواری ئینتەرنێت کە چوویتە ئەودیوی پردێ کار ناکات.
ئانۆ جەوهەر: بۆچی دەچن بۆ ئەو دیوی پردێ؟
رووداو: بۆ نموونە من وەک هاونیشتمانییەک، ئینتەرنێتی یەکێک لە کۆمپانیاکانم کڕیوە، دەچمە کەرکووک سێ رۆژ دەمێنمەوە، ئینتەرنێتەکە لەوێ کار ناکات.
ئانۆ جەوهەر: لـەبەرئەوەی ئەو کۆمپانیایە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستانە، گرێبەستەکەی بۆ هەرێمی کوردستانە. کە جەنابیشت سیمکارتی ئەو کۆمپانیایە بەکاردێنی، دەزانی کە ئەوە بۆ هەرێمی کوردستانە. کە دەچیتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەبێت هی کۆمپانیاکانی دیکە بەکاربێنیت.
رووداو: کۆمپانیای دیکە هەیە لە سەرانسەری عێراقدا کار دەکات و هی هەرێمی کوردستانیشە.
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ، ئەوە مافی خۆیانە.
رووداو: ئایا ئەم کۆمپانیایانەی ئینتەرنێت نایانەوێت مۆڵەت لە بەغدا وەربگرن؟
ئانۆ جەوهەر: کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتی هەرێمی کوردستان بەپێی گرێبەستیان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئەگەر بیانەوێت مۆڵەتێک لە بەغدا وەربگرن، دەتوانن بچن وەریبگرن و لە عێراقیش ئیش بکەن، بەڵام بەپێی گرێبەستەکانیان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئەمە بابەتێکی جیاوازە. هەروەها لە دانیشتنمان لەگەڵ بەغدا چەندین جار باسمان کردووە، کۆمپانیاکان نزیکەی 6 ملیۆن هاوبەشیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمە داهاتێکی گەورەی داراییە بۆ (CMC) و بۆ حکومەتی عێراقی و دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ژمارەی هاوبەشان، ئەگەر وەک پارەش نەدرێت، وەک داهات لەگەڵ بودجەی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت. ئەمەش کە بۆ هەرێمی کوردستان نییە، تەنانەت لە قازانجی ئەم کۆمپانیایانە تائێستا باجیش نادرێت بە هەرێمی کوردستان.
رووداو: وابزانم ئێوە نێوەندگیرییەکتان کردووە لە نێوان کۆرەک و حکومەتی عێراقی؟
ئانۆ جەوهەر: نەخێر، ئێمە نێوەندگیریمان نەکردووە، ئێمە بەرگریمان لە مافی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووە. کۆرەک تیلیکۆم یەکەمین کۆمپانیایە کە دەستی بە کاری مۆبایل کرد لە هەرێمی کوردستان. نزیکەی 3 ملیۆن و نیو هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان سیمکارتی کۆرەک بەکاردێنن. سیمکارتی کۆرەک بووەتە بەشێک لە کار و ژیانیان. بۆیە داوامان کرد لە برایان لە (CMC) کە کێشەکەیان لە دادگە و حکومەت چارەسەر بکەن، نەک بێن هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان سزا بدەن. قەدەخەکردنی کاری کۆرەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان سزادانی هاووڵاتییانە. کێشەکە داراییە، با لەگەڵ کۆمپانیاکە چارەسەری بکەن.
رووداو: ئەی حکومەتی عێراق دەیەوێت باج بخاتە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت، ئەمە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟
ئانۆ جەوهەر: تائێستا بابەتەکە بە فەرمی نەهاتووەتە لای ئێمە. کە بە فەرمی بێت، دیراسەی دەکەین. بەڵام چەندین جار قسەمان کردووە کە ئەگەر هەر بڕیارێک بدەن، دەبێت رای هەرێمی کوردستانی تێدا بێت.
رووداو: مادام باسی فایبەر ئۆپتیکت کرد، وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت لە رێگەی عێراقەوە وڵاتانی کەنداو بە هێڵی فایبەر ئۆپتیک دەبەستنەوە بە ئەورووپاوە. ئەمە بە هەرێمی کوردستاندا دەڕوات. هیچ رێککەوتنێکتان هەیە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ، کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنیمان هەبوو. کێبڵی فایبەر ئۆپتیک کە بە کوردستاندا دەڕوات، زۆر گرنگە چونکە دەبینە بەشێک لە ترانزێتی نێودەوڵەتیی ئینتەرنێت. رێککەوتنەکە دەبێت لە نێوان وەزارەتی گەیاندنی عێراقی و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت. پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی عێراق و کوردستان بکەین بە شوێنی یەکەمی ترانزێتی نێودەوڵەتی. ئەمەش قازانجی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
رووداو: پڕۆژەیەکتان هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس بۆ ستارلینک. پڕۆژەکە بە کوێ گەیشتووە؟
ئانۆ جەوهەر: دوو کۆبوونەوەمان هەبووە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس. کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو. هێشتا لە گفتوگۆداین لەگەڵیان و هەروەها لەگەڵ (CMC) تاکوو بتوانین سپەیس ئێکس بە فەرمی و بە گرێبەستێکی روون لە هەرێمی کوردستان کار بکات، بە شێوەیەک کە زانیاریی هاوڵاتییانمان پارێزراو بێت.
رووداو: پڕۆژەیەک هەیە کە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت بەیەک هێڵی فایبەر ئۆپتیکەوە ببەسترێنەوە. ئەمە پەیوەندی بە حکومەتی ئەلیکترۆنییەوە هەیە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ، لەم کابینەیە گەورەترین تۆڕی (Fiber to the Government) دروست کراوە. کاریش دەکەین بۆ (Fiber to the School) و لە داهاتووشدا بۆ نەخۆشخانەکان. ئەمە بڕبڕەی پشتی حوکمڕانیی ئەلیکترۆنییە لە هەرێمی کوردستان. پڕۆژەکە بەردەوامە.
رووداو: یەکێکی دیکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان، رێگەی گەشەپێدانە. ئەم رێگەیە بە کوێدا تێدەپەڕێت؟
ئانۆ جەوهەر: پێشنیازی هەرێمی کوردستان زۆر ئاشکرایە بە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە، لە موسڵەوە بۆ حەمدانییە، ئینجا بۆ تلکێف. ئەم رێگەیە 32 کیلۆمەتر کورتتر، خێراتر و هەرزانترە و خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا دەکات. رێککەوتنمان کرد و واژۆشمان کرد، بەڵام دوای پێنج رۆژ بە بڕیارێکی سیاسیی تاکلایەنە لە کابینەکەی سوودانی راگیرا. ئەوان رێگەیەکی درێژتر و ناواقعیتر دەگرنەبەر کە بە بیاباندا دەڕوات، تەنها لەبەر ئەوەی بە خاکی کوردستاندا تێنەپەڕێت.
رووداو: لە دوای گشتپرسییەوە، ناردنی پۆستە لە رێگەی دامەزراوە حکومییەکانەوە بۆ دەرەوەی هەرێم کارا نییە. چیتان کردووە؟
ئانۆ جەوهەر: لەگەڵ وەزیری نوێی گەیاندنی عێراق قسەمان کردووە و بەڵێنی داوە کە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت. بابەتەکە سیاسی بوو، نەک هونەری.
رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی تاوەکو چەند پێشکەوتووە بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا؟
ئانۆ جەوهەر: پێشبینییەکان بە شێوەیەکی زانستی دەکرێن. بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی کەسێکی زۆر شارەزایە. ئێستا خەریکی گرێبەستێکین لەگەڵ ئیتاڵیا بۆ دانانی چەندین وێستگەی ئەلیکترۆنیی نوێ. لە هەموو جیهانیشدا پێشبینی 100٪ راست دەرناچێت، بەڵام ئێمە ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین بۆ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
رووداو: دوایین ئاماری ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندە؟
ئانۆ جەوهەر: لە سەرژمێریی عێراقدا سەرەتا پرسیاری ئایین و نەتەوە نەکرابوو، کە هەڵەیەکی گەورە بوو. بۆیە ئامارێکی فەرمی و ورد نییە. بەڵام بەپێی زانیاریی کەنیسەکان، ژمارەیان لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی 250,000 بۆ 300,000 کەسە، کە %90یان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوان.
رووداو: ئێەوە دەڵێن حیزب بۆ خزمەتی پێکهاتەکان بەکاردێنن، نەک بە پێچەوانەوە. چۆن؟
ئانۆ جەوهەر: بڕوای ئێمە وایە کە حیزب ئامرازێکە بۆ خزمەتی هاوڵاتییان، نەک هاوڵاتییان ببنە ئامرازێک بۆ خزمەتی حیزب. حیزب ئامانج نییە، بەڵکو هۆکارە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان.
رووداو: هەست دەکەن پیلانگێڕییەک بەرامبەر بە پێکهاتەکان هەبێت؟
ئانۆ جەوهەر: پیلانگێڕی بەرامبەر بە کوردستان هەیە و کارتی پێکهاتەکان زۆر جار لەلایەن دووژمنانی کوردستانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی واقیعی جوانی پێکەوەژیان.
رووداو: ئایا لە رێگەی پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە کار بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان مەسیحییەکان دەکرێت؟
ئانۆ جەوهەر: کێشەیەکی گەورەمان لە کۆتای کریستیانەکان هەیە. من 10 ساڵ لەمەوبەر داوام کردووە کە بۆ کۆتا، تەنها کریستیان دەنگ بە کریستیان بدات و سندوق و رۆژی تایبەتیان هەبێت. بەم شێوەیە نوێنەری راستەقینە هەڵدەبژێردرێت. ئێستا دوو کوتلەی سەرەکی هەن، بابلیوون و سریان. بەپێی زۆرینە، مافی دانانی وەزیر هی کوتلەی سریانە. ئێستا گفتوگۆ هەیە لەسەر دانانی کەسێکی سەربەخۆ بە رەزامەندیی هەردوولا، بەڵام دەبێت سریان لەسەری رازی بن چونکە ئەوان زۆرینەن.
رووداو: ئایا مەسیحییەکان مەترسیی هاتنەوەی داعشیان هەیە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ. داعش تەنها هێزی سەربازی نییە، بەڵکو فیکر و رێکخستنیشە. هەرچەند دەوڵەت بەهێز بێت، ئەو رێکخستنانە لاواز دەبن.
رووداو: ئایا دروستکردنی پارێزگایەک لە دەشتی نەینەوا پارێزگاری لە مەسیحییەکان دەکات؟
ئانۆ جەوهەر: بێگومان، بوونی پارێزگایەک بۆ هەموو پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا گرنگە بۆ ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچەکە. دەبێت دۆسیەی ئەمنی و ئیداری بدرێتە دەستی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە و هێزە نایاساییەکان بچنە دەرەوە.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت.
ئانۆ جەوهەر: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.


