رووداو دیجیتاڵ
مانگی 7ـی پار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کرایەوە و زیاتر لە 268 ملیار دیناری تێدا خەرجکرا، بەڵام هێشتا ئامادە نییە بۆ گەشتکردن و مۆڵەتی نێودەوڵەتییشی نییە.
لە فڕۆکەخانەکە کات وەستاوە، تەواوی رێڕۆکان چۆڵن، زیاتر لە 10 مانگە کراوەتەوە و 80 فڕۆکە تێیدا گەشتیانکردووە، بەڵام بەهۆی بوونی کێشە لە رێڕۆی فڕین و نیشتنەوە، داخرایەوە.
عەمار خزر، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە بە رووداوی گوت: "هیچ بەربەستێکی گەورەمان نییە، تەنیا هەندێک کاری رۆتین و ئیداری هەن و ئەویش لەسەر هێڵین لەگەڵ دەستەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نێودەوڵەتی سەبارەت بەبوونی کێشە لە رێڕۆی فڕۆکە کە کێشەیەکی بچووکی هەیە، بەڵام ئەمە هۆکاری وەستانی گەشتەکان نییە وهیچ گرنگییەکی نییە".
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وەک چاودێری یەکەم دەسەڵاتی خۆی بەکار هێناوە بۆ زانینی راستی و دروستی داخستنی فڕۆکەخانەکە و نووسراوی ئاراستەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق کردووە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدرانەتەوە.
موهەنەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر کێشەکانی فڕۆکەخانە بە رووداوی راگەیاند: "بەم دواییە تووشی هەژەند بووین کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی رەزامەندی نەداوە ببێتە نێودەوڵەتی"
موهەنەد کاکەیی دەڵێت: "دوای بەدواداچوونمان دەرکەوت کێشەی تەکنیکی هەیە، نووسراومان کردووە بۆئەوەی لیژنە بێت بەدواداچوون بکات ئەگەر کێشە هەیە با چارەسەر بکرێت، ئەگەریش نییە هۆکاری داخستنیمان پێبڵێن، دەنگۆی ئەوەش هەیە گوایە هۆکاری سیاسی لەپشتەوەیە."
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لە ساڵی 1920 دا بنیاتنراوە، ئەوكاتەی بەریتانیا حوكمی عیراقی دەكرد، لە 1922 لە سەربازییەوە كراوە بە مەدەنی.
فڕۆکەخانەکە لە دوای ساڵی 2014 داعش وێرانی کرد و ئێستاش دوای بنیاتنانەوە بەهۆی زۆری کەموکوڕییەکانییەوە بێ فڕۆکەیە گەشتی تێدا ناکرێت


