رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق رایدەگەیێنێت، سێ هۆکاری تەکنیکی و ئیداری رێگرن لەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ بەڕووی گەشتەکاندا بکرێتەوە. نەبوونی ستافی مەشقپێکراو و تەواونەبوونی دیزاینی رێڕەوی فڕۆکەکان لە سەرەکیترین بەربەستەکانن.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا هۆکارەکانی دواکەوتنی کاراکردنی فڕۆکەخانەی موسڵی ئاشکرا کرد، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بەسەر کردنەوەی فەرمیی بیناکەیدا، هێشتا هیچ گەشتێکی ئاسمانی تێدا نەکراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، سێ هۆکاری سەرەکی رێگرن لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکە، لەوانە گرێبەستنەکردن لەگەڵ راوێژکاری وردبینیی بیناسازی بۆ پەسندکردنی تەکنیکیی پڕۆژەکە، یەکلانەکردنەوەی لایەنی بەڕێوەبەر لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و حکومەتی خۆجێیی نەینەوا، لەگەڵ نەبوونی ستافی رێپێدراو. هەروەها تەواونەبوونی دیزاینی رێڕەوەکانی فڕین و نیشتنەوە کە مەرجێکی سەرەکیی سەلامەتیی نێودەوڵەتییە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی دەڵێت: "هەوڵەکانمان بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی سعودیە تاوەکو حاجیان و کەسانی بەتەمەن لەو فڕۆکەخانەیەوە گەشت بکەن، لە مانگەکانی کانوونی دووەم و ئایاری ئەمساڵدا بێ ئەنجام بوون."
عەممار خزر، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی موسڵ بە رووداوی گوت: "هیچ بەربەستێکی گەورەمان نییە، تەنیا هەندێک کاری رۆتینی و ئیداری هەن." گوتیشی ئەو کێشەیەی لە رێڕەوی فڕۆکەکاندا هەیە "بچووکە و نابێتە هۆکاری وەستانی گەشتەکان."
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی موسڵ رایگەیاند، لەسەر هێڵن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نێودەوڵەتی، بەڵام دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هیچ چاوپۆشییەک لە پێوەرەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی (ICAO) ناکرێت و "پاراستنی گیانی گەشتیاران لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لە ساڵی 1920 لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکراوە و ساڵی 1922 کراوەتە مەدەنی. لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە تەواوی وێرانکرا.
لە تەممووزی ساڵی رابردوودا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق فڕۆکەخانەکەی دوای نۆژەنکردنەوە بە گوژمەی زیاتر لە 268 ملیار دینار کردەوە، بەڵام بەهۆی کەموکوڕییە تەکنیکییەکانەوە تاوەکو ئێستا بە "بێ فڕۆکە" ماوەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

