رووداو دیجیتاڵ لیژنەی هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان بە دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق، تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە چەکدار، چەک و ئۆتۆمبێلەکانی "کەتیبەکانی ئیمام عەلی"ی وەرگرت، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناو و ناونیشانە نافەرمییەکان. رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2024، فەریق یەکەم روکن قەیس محەممەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنی هێزەکان بە ناوەندە ئەمنییەکان، سەرپەرشتیی پرۆسەی وەرگرتنی دۆسیە و زانیارییەکانی "کەتیبەکانی ئیمام عەلی"ی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، پرۆسەکە بریتی بووە لە "وەرگرتنی لیستی تەواوی ناوی چەکدارەکان، جۆر و ژمارەی چەکەکان، کەلوپەلی سەربازی و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەکاردەهێنران و تێیدا ئەندامانی لیژنەکە و سەرکردەکانی کەتیبەکانی ئیمام عەلی ئامادە بوون". ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی عێراق و فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە. ئامانج لێی تەواوکردنی قۆناخەکانی تێکەڵکردنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانە لەنێو دەزگا ئەمنییە فەرمییەکاندا، بەشێوەیەک کە هیچ ناو و ناونیشانێکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نەمێنێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بەهێزکردنی سەقامگیری و فەراهەمکردنی دەسەڵاتی یاسا و چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا، بە ئامانجی خزمەتکردنی ئاسایشی نیشتمانی و هاووڵاتییان". کەتائیبى ئیمام عەلى یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانى نێو حەشدی شەعبی، ساڵى 2014 بۆ شەڕکردن دژى رێکخراوى داعش دامەزرا. رۆژی سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، ئەمیندارێتیی گشتیی کەتیبەکانی ئیمام عەلییەوە راگەیێندراوێکی بڵاویکردەوە و تێیدا راگەیاند سەرکردایەتیی ئەو گرووپە بڕیاری داوە کۆتایی بە پەیوەندییە رێکخراوەییەکانی لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی بهێنێت. بڕیارەکەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی لەکاتێکدا بوو لە هەفتەیەکدا هەریەکە لە (سەرایا سەلام) و (عەسائیبی ئەهلی حەق) بڕیاری رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت داوە. بڕگەی پێنجەمی مادەی دووی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی 2016، ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت کارمەندانى دەستەکە پەیوەندییان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسی و حیزبی و کۆمەڵایەتییەکان بپچڕێنن و رێگەی کاری سیاسییان پێنادرێت. سەرکردایەتیی کەتیبەکانی ئیمام عەلی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە سێ لیژنەی پێکهێناوە کە بریتین لە: - لیژنەی رادەستکردنی چەک: ئەم لیژنەیە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی جیاکردنەوە و رادەستکردنی سەرجەم چەک و کەرەستە سەربازییەکانی گرووپەکەی لە ئەستۆ دەبێت. - لیژنەی کاروباری کەسوکاری شەهیدان: بۆ بەدواداچوونی دۆخی خێزانی ئەو کەسانەی لە ریزەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون. - لیژنەی تێکەڵکردن: ئەرکی ئەم لیژنەیە رێکخستنی کاروباری ئەندام و چەکدارەکانیەتی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت جێگەیان بکرێتەوە. بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق کە لەژێر دروشمی "دەوڵەتێکی سەقامگیر و ئابوورییەکی بەرهەمهێن" کار بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەکات. لە یەکەم خاڵی بەرنامەکەدا ستراتیژیی حکومەت دیاریکراوە کە یەکێک لەوانە بریتییە لە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ "سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە قۆناخی داهاتوودا ناسێنراوە.