رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت بناخەی پاراستنی وڵاتە و حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمییە و لە چوارچێوەی سیستمی دەوڵەت و یاساکاندا کار دەکات.
ئەو هەڵوێستەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە راگەیێنراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026 بەبۆنەی یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی حەشدی شەعبی بڵاوی کردەوە.
ئەو هاوپەیمانێتییە کە زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەخۆ دەگرێت، رایگەیاند: وەفاداری بۆ قوربانییانی حەشدی شەعبی پێویستی بە بەردەوام کارکردنە بۆ بونیاتنانی عێراقێکی بەهێز و دامەزراوە نیشتمانییەکانى و پاراستنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بنەمایەکی سەرەکیی پاراستنی وڵات و دەستکەوتەکانی و گەرەنتییکردنی ئایندەی رۆڵەکانێتی."
حکومەتی ئێستای عێراق دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، لە رێگەی پچڕانی پەیوەندیی گروپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی بە لایەنە سیاسییەکانەوە و تۆمارکردنی چەک و چەکدارەکانیان.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند کە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمییە و لە چوارچێوەی سیستمی دەوڵەت و یاسا کارپێکراوەکاندایە و پاڵپشتیی لەوەش دەکەن حەشدی شەعبی بەهێز بکرێت و رێکبخرێتەوە.
ساڵی 2016 لەسەر بنەمای فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، حەشدی شەعبی دامەزرا بۆ شەڕکردن لەدژی رێکخراوی داعش و دواتر دەستەیەکی تایبەت بەو هێزە پێکهێنرا.


.jpg&w=3840&q=75)

