رووداو جیهان
بەرپرسێکی کۆمپانیای پیترۆڵی سووریا دەڵێ، 600 هەزار تۆن نەوتی رەشی عێراق گەیشتووەتە وڵاتەکەی و دەست بە هەناردەکردنی کراوە.
جەلال جەڕاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی دابینکردن لە کۆمپانیای پیترۆڵی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە نزیکەی 600 هەزار تۆن نەوتی رەشی عێراق گەیشتووەتە بەندەری بانیاسی سووریا و پرۆسەی هەناردەکردنی دەستی پێکردووە.
لە 31ی ئاداری ئەم ساڵەوە هەناردەکردنی نەوتی رەشی عێراق بە تانکەر لە رێگەی دەروازەی وەلیدی پارێزگای ئەنبارەوە بۆ سووریا دەستیپێکرد، تاوەکو لەوێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێ.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی دابینکردن لە کۆمپانیای پیترۆڵی سووریا گوتی: "بڕی ئەو نەوتە رەشەی عێراق کە رۆژانە دەگاتە سووریا بەگوێرەی رۆژ جیاوازە، بەڵام بەنزیکەیی رۆژانە لەنێوان 350 بۆ 400 تانکەر دەبن."
پەنابردنی عێراق بۆ هەناردەی نەوتی رەش لە رێگەی سووریاوە دوای ئەوە بوو کە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، جووڵەی کەشتیی گوێزەرەوەى نەوت لە کەنداو بەربەستی بۆ دروست بوو، لەکاتێکدا نزیکەی 90%ی نەوتی عێراق لەو رێگەیەوە هەناردە دەکرا.
جەلال جەڕاد رایگەیاند، ئەوەی پەیوەندارە بە هەناردەکردنی نەوتی ڕەش، هاوئاهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا داهاتی نەوتی 25.8 تریلیۆن دینار بووە.




