رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگەی عێراق ئەو راپۆرتانە رەتدەکاتەوە کە دەڵێن ئاوی وڵاتەکە بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان ناشێت. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئاوی دابەشکراو لەژێر چاودێرییەکی ورددایە، بەڵام هاوکات دان بەوەدا دەنێت کە "ئاوەڕۆی چارەسەرنەکراو" مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر رووبارەکان.
لوئەی موختار، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "ئەو لێدوانانەی باس لە ناشیاوی ئاوی عێراق دەکەن، وردی و بنەمای زانستییان تێدا نییە. ئەوان جیاوازی ناکەن لە نێوان ئاوی رووبارەکان و ئەو ئاوەی لە پڕۆژەکان پاکژ دەکرێتەوە و دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان."
سەبارەت بە شێوازی دڵنیابوونەوە لە جۆری ئاو، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگە گوتی، مانگانە دوو جار لە رێگەی 73 وێستگەی چاودێری لە سەرتاسەری عێراق پشکنین بۆ ئاو دەکرێت. گوتیشی، "ئەو ئاوەی لە رێگەی فەرمانگەکانی ئاوەوە دابەش دەکرێت، بە تەکنەلۆژیای جیاواز پاکژ دەکرێتەوە و لەژێر پشکنینی رۆژانەی تیمەکانی وەزارەتی تەندروستیدایە."
"ئاوەڕۆ گەورەترین مەترسییە"
لوئەی موختار هۆشداریی دا لە پرسی ئاوەڕۆ و رایگەیاند: 45%ی ئاوەڕۆی بەغدا بەبێ چارەسەری دەڕژێتە ناو رووبارەکان. نزیکەی 70%ی ئاوەڕۆی پارێزگاکان بەبێ چارەسەرکردن دەچێتە ناو سەرچاوەکانی ئاو و تەنیا 40%ی پاشەڕۆی کەرتی تەندروستی چارەسەر دەکرێت، کە ئەمەیان مەترسیدارترینە.
روانگەی عێراقی سەوز: ئاوەکە بۆ قاپشووشتنیش نابێت
"روانگەی عێراقی سەوز" لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، بڕێکی زۆر پاشەڕۆی ژەهراوی و کانزای قورس دەڕژێتە ناو رووبارەکان.
رێکخراوەکە جەختی کردبووەوە، "ئەم ئاوە نە بۆ خواردنەوە و نە بۆ شتنی جلوبەرگ و قاپوقاچاخیش گونجاو نییە" و رەخنەی تووندیشی لە لایەنە حکومییەکان گرتبوو کە "تەنیا هەوڵیان ئەوەیە پاشەڕۆکان لە رێگەی رووبارەکانەوە دووربخەنەوە و بایەخ بە تەندروستیی خەڵک نادەن."



