رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی نێوان تۆم باراک و عەلی فالح زەیدی، باسی وردەکاریی چەکدارانی گرووپە چەکدارەکان و ئەو گرووپانە کراوە کە بەو پلانە رازی بوون، هەروەها باسی سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن و پاڵپشتیی ئابووریی عێراق کراوە.
سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، لە بەغدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتووە، لەو کۆبوونەوەیاندا تۆم باراک پاڵپشتیی ئیدارەی ئێستای ئەمریکای بۆ عەلی فالح زەیدی دووپات کردووەتەوە، بۆئەوەی حکومەتەکەی سەرکەوتوو بێت.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەکە رایگەیاند، تۆم باراک جارێکی دیکە باسی بانگهێشتکردنی عەلی فالح زەیدیی کردووە، بۆئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی داهاتوو سەردانی ئەمریکا بکات.
بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، هەردوولا باسی پابەندبوونە هاوبەشەکانیان کردووە لەبارەی عێراق.
یەکێک لە بڕگەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی پرسی سنووردارکردنی چەک بووە لە دەستى دەوڵەت، کە ئێستا حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، عەلی فالح زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، پرۆسەی سنووردارکردنی چەکیان دەستپێکردووە و گرووپەکانی سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەستیان پێکردووە، گرووپی دیکەشی بەدوادا دێت و بەردەوامیش دەبن. تۆم باراکیش جەختی لە پشتیوانیی واشنتن کردووەتەوە بۆ ئەو هەنگاوە و دەستخۆشیی لێکردووە کە دەستیان بۆ ئەو پرسە بردووە لەو قۆناخەدا.
لە راگەیێندراوی هاوبەشی هەردوولادا هاتووە، هەردوولا تاوتوێی هەوڵەکانیان کردووە بۆ چەکداماڵینی تەواو و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا تۆم باراک باسی پاڵپشتیی ئابووریی ئەمریکای بۆ عێراق کردووە.
لەدوای بەغدا، تۆم باراک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و جگە لە بەرپرسانی باڵای حکومەت، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتییش کۆببێتەوە.




