رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێ، بە هاوئاهەنگیی دژەتیرۆری سلێمانی، دوو ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام داوە و "تیرۆریست"ێکیان لە سلێمانی و یەکێکی دیکەیان لە سەلاحەدین دەستگیرکردووە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق، رۆژی سێشەممە 16-06-2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هێزەکانمان بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری سلێمانی، دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان ئەنجام دا و دوو چەکداری داعشی تیرۆریستیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و سەلاحەدین دەستگیرکرد".
دەزگاکە دەڵێ، هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا چەکدارێکی داعش لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکرا.
دژەتیرۆری عێراق باس لەوە دەکات، بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و پۆلیسی پارێزگای موسەننا، بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان لەو پارێزگایە دەستگیرکردووە.
دەزگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "رێکارە یاساییەکان بەرامبەر بازرگانەکە گیراوەتەبەر و رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراوە تاوەکو سزای یاسایی خۆی وەربگرێ."
دژەتیرۆری عێراق جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکانی دەکاتەوە و دەڵێ: "بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و راوەدوونانی پاشماوەی تیرۆریستان، ئەوەش بە هاوئاهەنگیی بەردەوام لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دیکە."



