رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی بڕیارێکی کارگێڕیی دەرکرد و تێیدا عەلی عەقیلی وەک راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان لەناو دەستەکەدا راسپارد و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی رێکخستنەوەی سێ لیوای پێسپێردرا.
بەگوێرەی نووسراوێک کە واژۆی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەسەرە، بڕیاردراوە بە دەستنیشانکردنی (عەلی عەبدوڵڵا لەفتە عەقیلی) وەک راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان.
هەر بەگوێرەی فەرمانە کارگێڕییەکە، عەقیلی راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی (جیاکردنەوەی پەیوەندی) و رێکخستنەوەی لیواکانی (313، 314، 315)کە سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕان.
هەر سێ لیواکە سەر بە سەرایا سەلامن، کە گرووپێکی چەکداری سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعەیە، بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و زۆربەی هێزەکانی لە سنووری قەزای سامەڕایە، کە مەزارگەی هەندێک لە ئیمامەکانی شیعەی لێیە.
رۆژی 28ـی ئایار، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، چوار بەرپرسی راسپارد کە رێکارەکانی بڕیاری جیاکردنەوەی تەواوەتی باڵی سەربازیی رەوتەکەی (سەرایا سەلام) لە رەوتە سیاسییەکەی جێبەجێبکەن، ئەوەش لەپاڵ بەدیهێنانی مەرجەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەژێر ناوی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت.
لە دوای ساڵی 2014 گرووپی سەرایا سەلام بەشێک بوون لەو هێزانەی کە بەشداریی شەڕی دژی داعشیان کرد.
لە راگەیێندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێکارە رێکخستنی و کارگێڕییەکاندایە بۆ پەرەپێدانی پێکهاتەی کارکردنی مەیدانی و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی هێزەکان لەو ناوچانەدا.
ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە لە 17ی حوزەیرانی 2026، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و گشتاندنی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ کراوە.
حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان پێکهێندرا.
بەگوێرەى خشتەى بودجەی 2024ـی عێراق، دەستەى حەشدی شەعبی زیاتر لە 238 هەزار ئەندامی هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)