رووداو دیجیتاڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشیتمانیی عێراق بە سەردانێک گەیشتە سلێمانی. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشیتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنیی بە سەردانێک گەیشتە شاری سلێمانی. یەکێک لەوانەی یاوەری سەردانەکەی قاسم ئەعرەجی دەکات، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراقە. شاندەکە لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لەلایەن جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری پێشوازی لێکرا. بە گوێرەی زانیارییەکان بەشێک لە سەردانەکەی ئەعرەجی پەیوەندی بە رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێرانەوە هەیە، لە بارەی دۆخی سنوورەکان و دۆسیەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.