رووداو دیجیتاڵ
زەیدی رێنمایی دەردەکات، لە 48 کاژێردا ئەفسەرانی دەروازە سنوورییەکان جێگۆڕکێیان پێ بکرێت و رێگە قاچاخەکانیش دابخرێن.
عەلی فالح زەیدی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێنج رێنمایی لەبارەی کارکردنی دەروازە سنووری و گومرگییەکان دەرکردووە.
زەیدی فەرمانی دا بەوەی لەو ماوەیەدا کارمەند و ئەفسەرانی دەروازە سنوورییەکان جێگۆڕکێیان پێ بکرێت و بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لەوێ دەستبەکار ببنەوە و کەسانی دیکە لە هەمان وەزارەت جێگەیان بگرنەوە، هەروەها فەرمانی کرد، هێزە ئەمنییەکان سەرجەم ئەو کەلێن و رێگە لاوەکییە دابخەن، کە لە دەروازە وشکانی و ئاوییەکاندا هەن.
رێنماییەکی دیکە ئەوەیە کە سەرجەم ئەو ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرانەی بۆ کارکردن لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەشێوەی کاتی (تەنسیب) راسپێردرابوون، بگەڕێنەوە سەر وەزارەتی ناوخۆ و لە ماوەی 48 کاژێردا و بەبێ هیچ بەدەرکردنێک، دەستبەرداربوون بکەن.
دەرکردنی ئەو رێنماییانە لەسەر بنەمای کۆنگرەیەک بووە کە لە 15ی حوزەیران بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی کراوە.
رێنماییەکی دیکەی سەرۆکوەزیران ئەوەیە وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور پابەند بکرێن بە داخستنی تەواوی کەلێنەکان و رێگە لاوەکییە سنوورییە وشکانی و دەریاییەکان، لەگەڵ جێگۆڕکێى تەواوی فەرماندەی لیواکانی پاسەوانی سنوور.
سەرۆکوەزیران سەرجەم دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی لە نوێنەرایەتیی دەزگای هەواڵگری، هەواڵگریی ناوخۆ، بنکەی پۆلیسی گومرگ، بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان و یەکەی 9 k پابەند کردووە بەوەی رۆڵی ئەمنی و هەواڵگرییان لە ناو دەروازە سنوورییەکان کارا بکەن و رێگە نەدەن بە تێپەڕینی هیچ کاڵا و ماددەیەکی قەدەخە یان ماددەی هۆشبەر لەو دەروازانە؛ ئەگەر کێشەیەک دروست بوو، راپۆرت بۆ سەرۆکى دەستەى دەروازە سنوورییەکان بەرز بکەنەوە وەک سەرۆکی شانەی هەواڵگری و هەر مادە و کاڵایەکى لەو جۆرە تێپەڕ بێت، هێزە ئەمنییەکان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن.
رێنماییەکی دیکە ئەوەیە، فەرمانبەرانی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق پابەند بکرێن بەوەی وردبینی بۆ تەواوی ئەو کاڵایانە بکەن، کە هاوردە دەکرێن بەبێ لێبەدەرکردن. رێگە بە تێپەڕینی هیچ بارهەڵگرێک نەدرێت تاوەکو بارەکەی بە وردی دەپشکندرێت.
.jpg&w=3840&q=75)


