رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاى سۆمۆ چاودێرىی دۆخى جووڵەى کەشتییەکان دەکات لە تەنگەى هورمز، لەگەڵ گەڕانەوەى بۆ دۆخى پێشووى، رێکارەکانى هەناردەکردنى نەوت دەستپێدەکەن و کات و بڕى بەرهەمهێنانەوەى نەوتیش بەگوێرەى کێڵگەکان دەگۆڕێت.
سەلیم روکابی، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەنگاوی کردنەوەى تەنگەى هورمز هێشتا نوێیە و کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوتى (سۆمۆ) بە هاوئاهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام چاودێریی دۆخى جووڵەى کەشتیوانى لە دەریا دەکات.
سەلیم روکابی گوتی: "هەر ئەوەندە کەشتیوانیی دەریایی گەڕایەوە دۆخى پێشوو، رێکارەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت و بارکردن دەستپێدەکات".
ئێران و ئەمریکا 18ى حوزەیران یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەى کە لە 28ى شوباتى ئەم ساڵ لە نێوانیان هەڵگیرسا، بە گوێرەی ناوەڕۆکەکەی دەبێت لە ماوەی 60 رۆژدا یاداشتەکە بکرێتە رێککەوتن.
لە دواى واژۆکردنى ئەو لێکتێگەیشتنە، تەنگەى هورمز لە کەنداو بە رووى جووڵەى کەشتییەکان کرایەوە، کە بەر لە جەنگ رێڕەوى هەناردەى نزیکەى 90%ى عێراق بوو.
گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند: کات و ئاستى بەرهەمهێنانەوەى نەوت لە کێڵگەکانى نەوت بەگوێرەى جیاوازى کێڵگەکان دەگۆڕێت و ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێکى دیاریکراوە.
بەر لە هەڵگیرسانى جەنگ عێراق رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتى بەرهەم دەهێنا و لەو بڕە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیلى لێ هەناردە دەکرد، ئێستا بەرهەمهێنانى رۆژانەى نزیکەى 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتە.
کشانەوەى کۆمپانیاکانى نەوت لە عێراق و راوەستانى هەناردەى نەوت لە رێگەى تەنگەى هورمزەوە وایکرد، بەرهەمهێنانى نەوت لە عێراق بۆ نزیکەى 25%ى بڕى پێشووى کەم ببێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)