رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات کۆتایی ئەم مانگە یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوین عێراق بگرێتەوە و پلەی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاست بۆ 50 پلە بەرز ببێتەوە.
هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانمان کۆتایی ئەم مانگە (حوزەیران) یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوین روو لە عێراق دەکات و دەچینە قۆناخی وەرزی هاوینەوە، پلەی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی باکوور [هەرێمی کوردستان] کەمتر بەرز دەبنەوە".
لە هەفتەی سێیەمی مانگی حوزەیرانەوە پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە چووە، پێشبینیی کەشناسیی عێراق وایە کە ئەمڕۆ هەینی پلەی گەرما لە هەشت پارێزگای ناوەڕاست و باشوور بگاتە 47 پلەی سیلیزی.
عامر جابری رایگەیاند، شەپۆلی گەرمای هاوینە لە کۆتایی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.



.jpg&w=3840&q=75)