رووداو دیجیتاڵ
لە پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و بارهەڵگرێک لە پارێزگای میسانی عێراق، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە رۆژی هەینی، 19-06-2026، لە رێگەی نێوان عەمارە - مەجەڕ لە باشووری میسان روویدا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بەهۆی خێرایی زۆرەوە لە رێڕەوی خۆی لایدا و بە تووندی خۆی کێشا بە بارهەڵگرێکدا.
حوسێن موریانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو رووداوەدا سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، کە بۆ چارەسەر براونەتە نەخۆشخانە."
حوسێن موریانی ئاماژەی بەوە کرد کە رووداوەکانی هاتووچۆ زۆرن و هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە "بۆ پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکان و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە خێراییەکی زۆر، چونکە زۆربەی رێگەکانی پارێزگای میسان باشن و چاڵ و ناڕێکییان تێدا نییە."
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئامارى سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پار 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆ لە 15 پارێزگای عێراق تۆمارکراون.



