رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، عێراق رازی بووە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بکات بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییە گەورەکانی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پێداچوونەوە، بەغدا دەستی بە کردار کردووە و ویستی سیاسیی خۆی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
بە گوتەی بەرپرسەکە، عێراق لەگەڵ دامەزراوەیەک بە ناوی (دەستەی چاودێریی دارایی) ناسراو بە FATF کار دەکات. دامەزراوەکە لە ساڵی 1989 لە لایەن گرووپی حەوتەوە لە پاریس دامەزرا، ئێستا 40 ئەندامی هەیە و ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی پارەسپیکردنەوە و پارەدارکردنی تیرۆر. وڵاتانی ئەندام بۆ سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتانی دیکەدا، راوێژەکانی بە هەند وەردەگرن.
بەرپرسەکە گوتی: "ئەمڕۆ، دوای پرۆسەیەکی نزیکەی دوو ساڵە بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، بەغدا رازی بوو بە شێوەیەکی هاوبەش لەگەڵ FATF کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییە ستراتیژییەکانی لەو بوارانەدا."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد: "عێراق پێشتر دەستی بە گرتنەبەری هەنگاوی ئەرێنی کردووە و ئیرادەی سیاسیی خۆی نیشانداوە بۆ پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دەستەی چاودێریی دارایی. ئێمە هانی عێراق دەدەین بەردەوام بێت لەم هەنگاوە ئەرێنییانە و بەخێرایی پلانی کارەکانی FATF جێبەجێ بکات."
ئەم لێدوانە تایبەتە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە رێکخراوەکە عێراقی خستە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی لەژێر چاودێریی تووندتردان کە بە لیستی خۆڵەمێشی ناسراوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە عێراق بەڵێنی دا بە ئاستێکی باڵای سیاسییەوە سیستمە داراییەکانی خۆی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ FATF و دەستەی چاودێریی دارایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENAFATF) بەهێزتر بکات.
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی 19ـی حوزەیراندا، FATF ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـەوە پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، لەوانە، تووندکردنەوەی کۆنترۆڵی چوونە نێو بازاڕ بۆ رێگریکردن لە چوونەنێوەوەی تاوانباران و تیرۆریستان بۆ نێو کەرتە سەرەکییەکان، دەرکردنی رێنمایی بۆ دامەزراوە داراییە ناحکومییەکان، گرتنەبەری رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کەرتی خانووبەرە و تێگەیشتنی باشتر بۆ چۆنییەتی رێگریکردن لە بەکارهێنانی کۆمپانیا یاساییەکان بۆ مامەڵەی دارایی نایاسایی.
سەرەڕای ئەمانەش، FATF پلانێکی 9 خاڵی بۆ عێراق دیاریکردووە کە دەبێت جێبەجێیان بکات:
یەکەم: تێگەیشتنی باشتر لە مەترسییەکانی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
دووەم: دۆزینەوەی باشتری ئەو کەس و لایەنانەی بەشێوەی نافەرمی پارە دەگوازنەوە و سەپاندنی سزای کاریگەر بەسەریاندا.
سێیەم: جێبەجێکردنی تووندتری سزای دارایی و یاساکانی پەیوەست بە کەسایەتییە سیاسییەکان.
چوارەم: باشکردنی ئاست و نێوەڕۆکی راپۆرتەکان لەسەر مامەڵە گوماناوییەکان، بەتایبەتی لەو کەرتانەی مەترسییان زۆرە.
پێنجەم: شەفافییەتی زیاتر سەبارەت بە خاوەندارێتیی راستەقینەی کۆمپانیاکان.
شەشەم: زیادکردنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لەسەر دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارە و سەپاندنی سزای گونجاو.
حەوتەم: زیادکردنی لێکۆڵینەوە لە پارەدارکردنی تیرۆر و چاکسازیی تەکنیکی لە یاساکانی پەیوەست بەو تاوانانە.
هەشتەم: چاودێریی تووندی کەرتی رێکخراوە قازانجنەویستەکان، بێ ئەوەی کاریگەریی خراپ بخاتە سەر چالاکییە یاساییەکانیان.
نۆیەم: توانای بەهێزتر بۆ ئاشکراکردن و رێگریکردن لە هەوڵەکانی خۆدزینەوە لە سزاکانی پەیوەست بە پارەدارکردنی چەکی وێرانکەر.
پێشتر لە حوزەیرانی ساڵی 2018، عێراق لە چاودێریی FATF دەرهێنرا، بەڵام دوای هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری ساڵی 2023، جارێکی دیکە خرایەوە ژێر چاودێری.
خستنە نێو لیستی خۆڵەمێشییەوە بەو واتایە دێت کە عێراق لەژێر چاودێرییەکی تووندتردا دەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا چاکسازییەکانی جێبەجێ بکات. پێچەوانەی لیستی رەش، لیستی خۆڵەمێشی راستەوخۆ نابێتەهۆی سەپاندنی سزای قورس لەلایەن وڵاتانی دیکەوە، بەڵام دامەزراوە داراییەکانی جیهان مامەڵەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا زۆر بە وریاییەوە دەکەن.



