رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی تایبەتدا، متمانەی بە وەزیرە نوێیەکانی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دا و کۆتایی بە دۆسیەی وەزارەتە بەتاڵەکان هێنا؛ لە دانیشتنەکەدا سێ جێگری سەرۆکوەزیران دیاریکران و چەند وەزارەتێکی نوێش پەسندکران.
رۆژی پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ تەواوکردنی کابینەی وەزاریی پەسند کرد، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ ماوەی چەندین مانگ بەشێکی وەزارەتەکان بە وەکالەت بەڕێوەدەبران.
جێگرانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
پەرلەمان متمانەی بە سێ کەسایەتی دا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران:
- موحسین مەندەلاوی
- لەیس خەزعەلی
- محەممەد تەمیم
هاوکات، فارس بریفکانی، کاندیدی چوارەمی جێگری سەرۆکوەزیران، نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێ و دواخرا.
بەپێی دەنگدانی پەرلەمان، ئەم کەسانە وەک وەزیری وەزارەتە خزمەتگوزاری و سیادییەکان دیاریکران:
- وەزارەتی ناوخۆ: یاسر مالیکی
- وەزارەتی بەرگری: نایف شمەری
- وەزارەتی پلاندانان: قوتەیبە حەمید
- وەزارەتی خوێندنی باڵا: حەیدەر حوسێنی.
- وەزارەتی رۆشنبیری: یاسین عیساوی
- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: رێباز حەملان
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: محەممەد مووسەوی
- وەزارەتی لاوان و وەرزش: سەفا کینانی
وەزارەتی نوێ
لە کۆبوونەوەکەدا سێ وەزارەتی نوێ پەسند کران و وەزیرەکانیان دەستبەکاربوون، محەممەد دەراجی، وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی، عەلی دەخیلی، وەزارەتی گەشتوگوزار و هەروەها محەممەد سەمعان، وەزیری دەوڵەت.
سەرەرای تێپەڕبوونی کابینەکە، بەڵام ژمارەیەک فراکسیۆنی سیاسی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. ئەوان پێیان وابوو زیادکردنی وەزارەت و پۆستی نوێ بارگرانیی داراییە و لەگەڵ پلانی چاکسازیی ئابووریی وڵات ناگونجێت.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە نێو پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، دەنگدان لەسەر وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
عەلی فالح زەیدی پێش زیاتر لە چوار مانگ حکومەتەکەی پێکهێنا، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی و ڤیتۆی هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی، 9 وەزارەت و پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیران بە بەتاڵی مابوونەوە.
یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکان، بەربژێر لەیس خەزعەلی بوو بۆ جێگری سەرۆکوەزیران، کە پێشتر ناوی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا بوو، بەڵام لایەنە سیاسییەکان رایانگەیاند کە توانیویانە ئەو بەربەستانە تێپەڕێنن و لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی بگەنە رێککەوتن بۆ تەواوکردنی کابینەکە.



