رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بڕیاری دا دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابخات؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک دەروازەی دیکەش بە پلەبەندی دادەخرێن.
سەرچاوەیەک لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرمان لە بەغداوە دەرچووە بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لە رۆژهەڵاتی پارێزگای مەیسان. بڕیارەکە لە کاژێر 06:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت."
سەچاوەکەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق راشیگەیاند: "بڕیاریش دراوە چەند دەروازەیەکی دیکەی سنووریی لەگەڵ ئێران لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەیەکی پلەبەندی دابخات".
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە فەرمی هۆکاری داخستنی ئەم دەروازانەی ئاشکرا نەکردووە.
دەروازەی شەیب دەکەوێتە قەزای کەحلای پارێزگای مەیسان، (لە لایەنی ئێران بە چەزابە ناسراوە)، دەکەوێتە پارێزگای خوزستان و یەکێکە لە دەروازە بازرگانی و گەشتیارییە گرنگەکانی نێوان عێراق و ئێران.
پێشتریش حکومەتی عێراق بەهۆی تووندبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی سنووردار کردبوو.
12ی ئەیلوولی 2026، لەکاتی هێرشی درۆنی بۆ سەر بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) لە سعودیە، عەلی زەیدی فەرمانی دەرکرد بە داخستنی چەند دەروازەیەکی سنووریی نێوان عێراق و ئێران.
عێراق چوار دەروازەی هاوسنووری لەگەڵ ئێران هەیە بریتین لە دەروازەی شەلامچە لە بەسرە، شەیب لە مەیسان، زرباتیە(میهران) لە واست، مونزریە لە دیالە.



