رووداو- دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەربژێرێکی جێگرەوەی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی (حەسەنین خەفاجی) لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پەسند کرد.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا (ریاز یونس جاسم وەنی حەمیداوی) وەک بەربژێری جێگرەوە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ خولی شەشەم لە شوێنی (حەسەنین قاسم محەممەد خەلەف خەفاجی) دەستنیشان بکرێت.
بەربژێرەکە لەسەر بازنەی پارێزگای بەغدا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بە زنجیرە ژمارە (107) بوو، بە بەدەستهێنانی (7634) دەنگ، بووەتە بەربژێری دواتری خاوەن زۆرترین دەنگ لە هەمان لیستدا.
حەسەنین قاسم محەممەد خەفاجی، یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی لە رۆژی 28ی حوزەیرانی 2026، لە هەڵمەتی بەرەبەیان دەستگیرکرا. دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بڕیاری دوو ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی سەرانەوەرگرتن .
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026 وردەکاریی دۆسیەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پەرلەمانتار حەسەنین خەفاجی، هەوڵیداوە بڕی 500 هەزار دۆلار لە سکاڵاکارێک بە ناوی (مستەفا فەعل) وەربگرێت، جگە لەوەی داوای کردووە رێژەی 40%ی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "حەورای بەغدا" بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەیەوە بکرێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، پەرلەمانتارەکە لە بەرانبەر ئەو بڕە پارە و پشکەدا، بەڵێنی بە سکاڵاکارەکە داوە کە دەستوەردان بکات لە رێکارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەستپاکی بۆ داخستنی دۆسیەیەکی "زیادبوونی سامانی نایاسایی" و لادانی گەمارۆ لەسەر داراییەکانی ئەو کەسە.
هەروەها بەڵێنیداوە دەستوەردان لە دەستەی وەبەرهێنانی بەغدا بکات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "جەوهەرەی بەغدا"، لە کاتێکدا هیچ سیفەت و دەسەڵاتێکی یاسایی بۆ ئەو کارانە نەبووە.
دادگە بۆ دەرکردنی بڕیارەکەی پشتی بە چەندین بەڵگە بەستووە، لەوانە: دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی ئەنوەر سەباح، تۆمارە دەنگییەکان، گەواهییدانی شایەتحاڵەکان و کۆپییەکی ئەو گرێبەستەی لە نێوانیاندا واژۆ کراوە.
دادگە ئەو بەڵگانەی بە "پێویست و قایلکەر" داناوە بۆ سەرکۆنەکردنی تۆمەتبارەکە و بڕیاری دوو ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکردووە، ئەوەش پاڵپشت بە مادەی 452/1 لە یاسای سزادانی عێراقی.


