رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە بەهەمیشەییکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و فەرمانبەرانی کرێی رۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی، هاوکات بڕیاری دامەزراندنی 120 هەزار پلەی وەزیفیی بە شێوەی گرێبەست لە بودجەی ساڵی 2027دا دەرکرد.
ئەمڕۆ شەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027، بە ئامادەبوونی محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و فالح ساری، وەزیری دارایی.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنماییدا سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و فەرمانبەرانی کرێی رۆژانە بخرێنە سەر میلاکی هەمیشەیی، لە پاڵ ئەوەیشدا 120 هەزار پلەی نوێی وەزیفی بە شێوەی گرێبەست لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2027دا جێیان بکرێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو 120 هەزار پلە نوێیە تەواوی چین و توێژەکان دەگرێتەوە و بەپێی رێژەی دانیشتووان بە شێوازێکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێ. هاوکات پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە دامەزراندن دەکرێتەوە تاوەکو دادپەروەری لەنێو سەرجەم پێشکەشکاراندا مسۆگەر بێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە کە حکومەت کار بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییە پێویستەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بە جۆرێک رێکارەکانی بەهەمیشەییکردن و جێکردنەوەی پلە نوێیەکان بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان جێبەجێ بکرێ.
عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە "لە چوارچێوەی پەرۆشیی حکومەتە بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و بەهێزکردنی سەقامگیریی وەزیفی و بژێویی ژیان، سەرەڕای تەواوی ئەو ئاستەنگ و گوشارە داراییانەی رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە."
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی گرێبەستەکان لە عێراق نزیکەی 250 هەزار کەسە؛ هەروەها لە هەرێمی کوردستان 87 هەزار گرێبەست هەن.


