رووداو دیجیتاڵ
موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایدەگەیێنێت لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا 171 پێشێلکاریی ئاسمانیی لەلایەن "فڕۆکە جەنگی و سیخوڕییەکانی" ئەمریکاوە تۆمار کردووە، هاوکات بڕیارەکانی پەیوەست بە داخستنی دەروازە و فڕۆکەخانەکان لەگەڵ ئێران بە "ملکەچبوون بۆ فەرمانەکانی واشنتن" ناودەبات.
رۆژی شەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2026، موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی نێوان 30ی ئەیلوول تاوەکو 23ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، "171 پێشێلکاریی ئاسمانیی بەڵگەدار لەلایەن فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕییەوە" تۆمار کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ئەمریکا بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و خۆدزینەوە لەو پابەندییانەی بە فەرمی بە حکومەتی راگەیاندبوون"، ئەمەش وەک "پێشێلکارییەکی ئاشکرای رێککەوتنە واژۆکراوەکان و لادان لە ئەرکە دیاریکراوەکان" لەقەڵەم دەدات.
موقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت ئەم دۆخە حکومەتی عێراق دەخاتە بەردەم "بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بۆ ئەوەی راستیی رووداوەکان بۆ گەلی عێراق ئاشکرا بکات".
سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەم دواییەی داخستنی فڕۆکەخانەکان و دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەو بڕیارانە "بەستراونەتەوە بە ویست و سەپاندنی مەرجەکانی ئەمریکاوە".
هەروەها گرووپەکە رەخنە لە گوتاری فەرمیی دەسەڵات لەبارەی سەروەریی نیشتمانی دەگرێت و دەڵێت: "قسەکردن لەسەر سەروەریی نیشتمانی لە سایەی بەردەوامیی پێشێلکارییەکان و بەرتەسککردنەوەی بڕیاری نیشتمانی، دەستدرێژییە بۆ سەر شکۆ و ئیرادەی ئازادانەی گەلەکەمان. چۆن باسی سەروەریی دەوڵەتێک دەکرێت کە بڕیارەکانی لە دەرەوە کۆتوبەند دەکرێن و هەژموونی ئەمریکا لەسەر حیسابی سەربەخۆیی نیشتمانی بەهێز دەکرێت؟"
لە راگەیێندراوەکەدا، موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە "وەستانەوە لەگەڵ بەرەی حەق لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی شەڕدا ئەرکێکی مرۆییە"، هاوکات ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئێران، بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان "بەرەی حەق و پووچەڵ" وەسف دەکات.
لە 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، حکومەتی عێراق کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە خاکی عێراق راگەیاند.

