رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەکات لەبارەی کەمیی ئاستی بەشداری لە هەڵمەتی نیشتمانیی "گەڕانەوە بۆ خوێندن" و رایدەگەیێنێت، ئاستی بەشداریکردن قبووڵکراو نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، پەروەردەی کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای وردبینی لە داتاکان دەرکەوتووە کە تەنیا 8٪ـی قوتابخانەکانی پارێزگاکە بەشدارییان لە هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندن کردووە؛ ئەم هەڵمەتە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەیە کە بەهەر هۆکارێک بێت لە خوێندن دابڕاون، و لەلایەن خودی وەزیری پەروەردەی عێراقەوە رۆژانە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."
پەروەردەی کەرکووک داوا لە سەرجەم قوتابخانەکان و سەنتەرەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکات، بەپەلە دەست بە تۆمارکردنی زانیاریی ئەو قوتابیانە بکەن کە وازیان لە خوێندن هێناوە، و رایگەیاند کە رۆژی هەینی (6ی تشرینی دووەمی 2026) دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی ئەم رێکارانە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، پەروەردەی کەرکووک بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانانەی بە "کەمتەرخەم" ناوبردووە کە تاوەکو ئێستا داتاکانیان تۆمار نەکردووە و جەختی کردووەتەوە کە "ئەم هەڵمەتە ئەرکێکی نیشتمانی و پەروەردەییە و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە تەمبەڵی و خەمساردی ناکرێت."
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە 176 قوتابخانە و ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەشدار بن لەم هەڵمەتەدا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی نەخوێندەواری و گەڕاندنەوەی منداڵانی دابڕاو بۆ خوێندن.


