رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق وەرزی یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە. پەرلەمانتاران دەڵێن ئامانج لە بڕیارەکە رەخساندنی دەرفەتە بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە.
چیمەن حوسێن سوورچی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بە درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی 30 رۆژ."
هەر لەوبارەوە، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرزی یاسادانی پەرلەمان لە 01-11 تاوەکو 01-12ـی 2026 درێژکرایەوە.
بەگوتەی ئەو دوو پەرلەمانتارە ئامانجی سەرەکی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان، پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2027ە، کە هێشتا حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی نەکردووە، تاوەکو لە پەرلەمان پەسندبکرێت.
لە مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت. مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.


