رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، ئەندامێکی لیژنەی لاوەکیی سەر بە دەزگای شەهیدان-یان لە پارێزگای واست لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە هاووڵاتییەک دەستگیر کراوە، کە لە بەرامبەر راییکردنی مامەڵەیەکدا داوای کردبوو.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە (25ی تشرینی یەکەمی 2026) وردەکاریی پرۆسەکەی خستەڕو و ئاماژەی بەوە دا، تۆمەتبارەکە بە ئەنقەست رێگری لە تەواوکردنی مامەڵەی هاووڵاتییەکە کردووە و دواتر داوای بڕێک پارەی وەک بەرتیل لێکردووە لە بەرامبەر راییکردن و تەواوکردنی مامەڵەکەیدا لە یەکێک لە لیژنە لاوەکییەکانی دەزگای شەهیدان لە پارێزگاکە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی واست، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی بەدواداچوون، وردبینی و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بۆسەیان بۆ تۆمەتبار داناوە و لە کاتی وەرگرتنی یەکەم گوژمەی پارەی بەرتیلەکە دەستگیریان کردووە.
دەستەی دەستپاکی باس لەوەدەکات، تۆمەتبارەکە بەڵگەنامەکانەوە رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی واست بۆ کێشەکانی دەستپاکی کراوە؛ دادوەر بڕیاری راگرتنی تۆمەتبارەکەی داوە.


