رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دوو پارێزگادا دەستی بەسەر 14 تەنکەردا گرت، کە هەوڵدراوە لە رێگەیانەوە نەوتی رەش و گازوایل بەقاچاخ ببرێنە دەرەوەی عێراق.
چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە بەسرە و ئەنبار دەستیان بەسەر 14 تەنکەر و ئۆتۆمبێلدا گرتووە، کە بەرهەمە نەوتییەکانیان تێدابووە و ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بەقاچاخ ببرێنە دەرەوەی وڵات.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی: "نۆ لەو تەنکەرانە لە دەروازەی سنووری وەلید لە ئەنبار دەستیان بەسەردا گیراوە، کە سەر بە یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی بەرهەمەکانى نەوت بوون و بارەکان وا تۆمار کراون کە نەوتی رەشن، بەڵام لەدوای پشکنین دەرکەوتووە کە بارەکەیان گازوایلە و ئامادەکراوە بۆ بەقاچاخبردن."
دەروازەی وەلید دەکەوێتە نێوان سنووری عێراق و سووریا، لە رێگەیەوە وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتی رەش بە تەنکەر رەوانەی بەندەری بانیاسی سووریا دەکات بەمەبەستی هەناردەکردنی.
ئەرشەد حاکم گوتی: "پێنج تەنکەری دیکە لە قەزای زوبێر دەستیان بەسەردا گیراوە، کە نەوتی رەشیان تێدابووە و ئامادە کرابوون بۆ بەقاچاخبردن و ئامێری بەدواداچوونیان لەسەر لادراوە.". گوتیشی: "پێنج شۆفێری ئەو تەنکەرانە و فەرمانبەرێکی گومرگ لەسەر ئەو هەوڵی بە قاچاخبردنە دەستگیرکراون."


