رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دەستلەکارکێشانەوە، یان دوورخستنەوەی (عەلی نەزار شەتڕی) لە پۆستی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی دەستلەکارکێشانەوە، یان سڕکردنی دەسەڵاتەکانی عەلی نەزار شەتڕی لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیای سۆمۆ بڵاوکراونەتەوە، هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە."
ئەو روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، لە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای عێراق هەواڵی سڕکردن یان دوورخستنەوەی هەریەک لە عەلی نەزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و عەلی قەیس، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تانکەر و گواستنەوەی نەوتی عێراق بڵاوکرایەوە.



