رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لە پەیوەندی و گفتوگۆدایە بە مەبەستی ئامادەکردنی پرۆگرامێکی نوێی فریاگوزاری و رزگارکردنی دارایی، دوای ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە بەهۆی جەنگی ئێران و لێکەوتەکانیەوە رووبەڕووی زیانی گەورە بووەتەوە.
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووە هۆی ئەوەی تاران لە کاردانەوەدا بە کردەیی تەنگەی هورمز دابخات؛ ئەمەش گورزێکی کوشندەی لە بەغدا وەشاندووە، چونکە ئابووریی عێراق بە تەواوی پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە و نزیکەی تەواوی نەوتەکەشی لە رێگەی ئەو تەنگەیەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.
جولی کۆزاک، گوتەبێژی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن رایگەیاند: "پلانمان ئەوەیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە پەیوەندیدا بین تاوەکو باشتر لە پێشنۆرەییەکانیان تێبگەین و بزانین چۆن دەیانەوێ خاڵە لاوازە ئابوورییەکەیان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی بڕیار بدەین چۆن دەتوانین لە رێگەی بەرنامەیەکەوە بە باشترین شێوە هاوکارییان پێشکێش بکەین."
کۆزاک ئاماژەی بەوەش کرد، پێش سەرهەڵدانی جەنگیش، عێراق رووبەڕووی تەنگژەی دارایی و کورتهێنان ببووەوە و سنوورداریی داهاتە نانەوتییەکان گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هاوسەنگیی دارایی وڵاتەکە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لەم مانگەدا پێشبینی کردبوو کە بەهۆی ئەم دۆخەوە ئابووریی عێراق لە ئەم ساڵدا بە رێژەی 16% پاشەکشە بکات.
داواکارییەکەی عێراق بۆ دەستپێکردنی بەرنامەیەکی نوێ بۆ یەکەمجار لەلایەن کریستالینا جۆرجیێڤا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقەکە لە کاتی کۆبوونەوەی ساڵانەی بانکەکە لە بانکوک ئاشکرا کرا.
عێراق دوایین بەرنامەی دارایی خۆی لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە ساڵی 2019 کۆتایی پێهێناوە و بەپێی داتاکانی دەزگاکەش، تاوەکو ساڵی 2030 دەبێت بەغدا نزیکەی 428 ملیۆن دۆلار وەک سوودی قەرزە کەڵەکەبووەکان بداتەوە.

