رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 40 هەزار خاوەن بڕوانامەی باڵا و سێ یەکەمەکان لە عێراق داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن و پێیان وایە دامەزراندنی 120 هەزار کەس بە شێوەی گرێبەست دۆخەکەیان چارەسەر ناکات.
دەرچووان دەڵێن، لە ساڵی 2023ەوە دانامەزرێن. یەکێک لە دەرچووەکان بەناوی بەیان عەلی لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "ئەو 120 هەزار گرێبەستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە، کێشەی ئێمە چارەسەر ناکات. سێ ساڵە بەهۆی رۆتین و داخستنی سیستمی کۆدەکانەوە کاتمان دەڕوات."
لەو بارەیەوە فازڵ غەراوی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی، رۆژی شەممە (31ی تشرینی یەکەمی 2026) بە رووداوی راگەیاند: "سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر تەرخانکردنی 120 هەزار پلەی وەزیفی بە شێوازی گرێبەست لە بودجەی 2027 کردووەتەوە، ئەمەش سەرباری ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت."
فازڵ غەراوی دڵنیایی دایە دەرچووان و گوتی: "ئێمە بەپێی یاسا پابەندین کە دامەزراندنی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان و پێش نۆرەیی بۆ ئەوانە."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی گوتی، دۆسیەی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامەکانی ساڵی 2023 لە رووی تەکنیکی و فۆرمی دامەزراندنەوە تەواو بووە و "چاوەڕێی پەسندکردنی بودجەی 2027 و بەردەستکردنی پلە وەزیفییەکان دەکەین تاوەکو بەپێی ناوەڕۆکی بودجەکە، چین و توێژەکان بۆ دامەزراندن دیاری بکەین."


