رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی "عێراقی داهاتوو" بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری رایدەگەیێنێت، هاوسەنگیی بازرگانیی نێوان بەغدا و عەممان بە تەواوی بە قازانجی ئوردن شکاوەتەوە و کورتهێنانی دارایی عێراق لەم مامەڵەیەدا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە؛ بە جۆرێک ئوردن 15 هێندەی ئەو کاڵایەی لە عێراقی دەکڕێت، کاڵای پێ دەفرۆشێتەوە.
مەنار عوبێدی، سەرۆکی ناوەندی "عێراقی داهاتوو" بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری، داتاکانی تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە و تێیدا هاتووە، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەناردەی ئوردن بۆ عێراق لە 903 ملیۆن دۆلارەوە بۆ ملیارێک و 134 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و 25.6٪ زیادی کردووە.
لە بەرامبەردا، ئاستی هەناردەی کاڵای عێراقی بۆ ئوردن 49.6٪ دابەزیوە و لە 146.1 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 73.6 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.
بەپێی شیکارییەکانی مەنار عوبێدی، ئەم جیاوازییە گەورەیە لە ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا وایکردووە کورتهێنانی بازرگانیی عێراق بەرامبەر بە ئوردن 40٪ هەڵبکشێت و بگاتە ملیارێک و 61 ملیۆن دۆلار.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم نایەکسانییە، سەرۆکی ناوەندی "عێراقی داهاتوو" روونیکردەوە: "رێککەوتننامەی بازرگانیی ئازاد کە لە ساڵی 2009 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکراوە، لە پاڵ ئەو لێخۆشبوونە گومرگییانەی دراونەتە کاڵا هاوردەکراوەکانی ئوردن، وایکردووە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە لە بازاڕەکانی عێراقدا زۆر هەرزانتر بکەون و کێبڕکێی بەرهەمی نێوخۆیی بکەن."
مەنار عوبێدی ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە دەرەوەی کەرتی نەوتی خاو، خاوەنی ژێرخان و بنکەیەکی بەهێزی کەرتەکانی دیکە، تاوەکو بتوانێت هاوسەنگیی هەناردەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا رابگرێت.


