رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری مادەی 140 لە نووسراوێکدا هۆشداری لە دەستکاریکردنی زەویی ناوچە جێناکۆکەکان دەدات، پێشتریش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشکرایان کردووە کە زەوییەکانی چەند ناوچەیەکی دەوروبەری موسڵ دەکەونە نێو ماستەرپلانی شارەوانیی شارەکە نەوەک مادەی 140؛ هەروەها لیژنەکە لیوای 30ـی حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لە خاوەن موڵکە یاساییەکان دەکات خانوو دروستبکەن.
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق کە لە 28ی 4ی 2026 پێکهێنرا، لە راپۆرتێکدا ئەنجامی بەدواداچوونەکانی لەبارەی کێشەی زەوییەکانی دەوروبەری موسڵ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو زەوییانە بە تەواوی دەکەونە نێو ماستەرپلانی شارەوانیی موسڵ و هاووڵاتییان خاوەنی سەنەدی فەرمیی تاپۆن، بەڵام بازگەکانی لیوای 30ـی حەشدی شەعبی بە زەبری هێز و بە نایاسایی رێگری لە خاوەن موڵکەکان دەکەن خانوو دروستبکەن. لە بەرامبەریشدا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ رووداو پشتپەردەی نووسراوەکەی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.
نووسراوەکەی هادی عامری بۆ پارێزگای نەینەوا چی تێدایە؟
هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، لە 19ی 8ی 2026، نووسراوێکی ئاراستەی پارێزگای نەینەوا کرد و وێنەیەکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ناردووە. لە نووسراوەکەدا هاتووە:
- بڕیارەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140 بڕیاری دەستووری پابەندکەرن بۆ هەموو لایەک و نابێت هیچ لایەنێک پێشێلیان بکات.
- نابێت هیچ یەکەیەکی کارگێڕی لەو ناوچە جێناکۆکانە رێکاری کارگێڕی بگرێتەبەر بەبێ گەڕانەوە بۆ لیژنەی مادەی 140.
- هەر رێکارێکی کارگێڕی کە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە ناوچە جێناکۆکەکان بە نادروست و بەتاڵ هەژمار دەکرێت.
بەپێی نووسراوەکەی عامری، قەزاکانی (شنگال، تلکێف بە ناحیەکانی ئەلقۆش، وانێ و فایدە، ئاکرێ بە ناحیەکانی بجیل، دینارتە، بەردەڕەش و کەلەک، مەخموور بە ناحیەکانی قەراج، گوێڕ و کەندێناوە، لەگەڵ ناحیەکانی زوممار، قەحتانییە/گرعوزێر و بەعشیقە، لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکانن.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: نووسراوەکەی عامری لە کاردانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکەمان بوو
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەبەستی نووسراوەکەی هادی عامری شنگال نەبوو، بەڵکو کاردانەوە بوو بەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە مافی بیناکردنی بەخشییە خاوەن سەنەدەکانی قەرە فەخرە و جلیوخان. پێشتر وەعد قەدۆ، پەرلەمانتاری شەبەک، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای تۆمارکردبوو کە گوایە ئەو زەوییانە سەر بە بەرتلە و حەمدانییەن و دەکەونە چوارچێوەی مادەی 140، بەڵام دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نەینەوا گوتیشی: "ئێمە بەڕێوەبەری شارەوانیی موسڵمان بانگهێشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن کرد و بە بەڵگەوە سەلمێندرا کە زەوییەکانی قەرە فەخرە و جلیوخان دەکەونە نێو نەخشەی بنەڕەتیی شارەوانیی موسڵ و هیچ پەیوەندییەکیان بە حەمدانییە یان مادەی 140ـەوە نییە."
بە گوتەی ئەحمەد دووبەردانی، زەوییەکانی ئەو دوو ناوچەیە کاتی خۆی تەنیا بە عەرەب نەدراون، بەڵکو دراونەتە کوردی شەبەک، کورد، تورکمان و عەرەب کە خاوەنی تاپۆی رەشن و پەرلەمانیش لە راپۆرتەکەیدا هەمان بۆچوونی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلماندووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو نووسراوەی هادی عامری بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای ناردبوو، مەبەستی ئەوە بووە کە بە ئەنجوومەنەکەیان بڵێت: "لەسەر ئەو بنەمایە لە بڕیارەکەتان پاشگەز ببنەوە، بڕیارەکەتان ناڕاستە چونکە ئەم زەوییانە سەر بە بەرتلە و حەمدانییەن، بەرتلە و حەمدانییەش لە چوارچێوەی مادەی 140ـدان و بەپێی دەستوور و یاسا نابێت هیچ مامەڵە، بیناکردن یان زیادەڕۆییەک لەسەر زەوییەکانی مادەی 140 بکرێت. لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا ئەم زەوییانەی قەزە فەخرە و جلیوخان سەر بە دەشتی نەینەوا و بەرتلە و حەمدانییە نین تاوەکو بچنە نێو مادەی 140."
راپۆرتی لیژنەی پەرلەمان: خاوەن تاپۆکان مافی دەستووریی خۆیانە باڵەخانە بکەن
بەپێی فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە 73 و 74، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار جەمیل عەبد مەحموود حەدیدی و بە ئەندامێتیی 7 پەرلەمانتاری دیکە پێکهێنرا، دوای وەرگرتنی زیاتر لە 60 سکاڵای نووسراوی هاووڵاتییان و لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەری شارەوانیی موسڵ، بەڕێوەبەری پلاندانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرە (تاپۆ) لە نەینەوا، راپۆرتێکی لەسەر کێشەی زەوییەکانی (قەرە فەخرە، جلیوخان، عەباسییە و قولان تەپە) ئامادە کرد.
لە راپۆرتەکەی لیژنە پەرلەمانییەکەدا هاتووە:
- زەوییەکانی ناوچەی قەرە فەخرە و جلیوخان بە تەواوی دەکەونە نێو سنووری شارەوانیی شاری موسڵ، لە نێوان ساڵانی 1984 تاوەکو 2000 مافی مامەڵەکردنیان لە وەزارەتی دارایی وەرگیراوەتەوە و بە ناوی شارەوانیی موسڵەوە تۆمار کراون.
- شارەوانیی موسڵ لە نێوان ساڵانی 1988 تاوەکو 1994 و 2000 تاوەکو 2003 و دواتریش بەپێی یاسا تاوەکو ساڵی 2024 زەوییەکانی بەسەر هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، فەرمانبەران، کەسوکاری شەهیدان و برینداران و هاووڵاتییاندا دابەشکردووە، لە فەرمانگەی تاپۆی حەمدانییە سەنەدی فەرمییان بۆ دەرکراوە، تەنانەت لە ساڵی 2024ـدا نزیکەی 1,000 پارچە زەوی بە شێوەی فەرمی ئیفراز کراون.
- نەخشەی بنەڕەتیی پەسندکراوی شاری موسڵ سەلماندوویەتی کە زەوییەکان بۆ نیشتەجێبوون، قوتابخانە، شەقام و خزمەتگوزاریی گشتی تەرخانکراون و هیچ رێگرییەکی یاسایی لە بەردەم پێدانی مۆڵەتی بیناکردن نییە.
- راپۆرتەکە بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە لیوای 30ـی دەستەی حەشدی شەعبی لە بازگەکانی سنوری حەمدانییە بە زەبری هێز رێگری لە خاوەن موڵکەکان دەکەن بچنە سەر زەوییەکانیان، تەنانەت رێگرییان لە پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقامەکان لە ناوچەی جلیوخان کردووە و پڕۆژەکانیان بۆ ناوچەی تر گواستووەتەوە.
- بەپێی بڕیاری ژمارە (65/فیدراڵی/2013)ـی دادگەی باڵای فیدراڵی، دابەشکردنی زەوی بەسەر هاووڵاتییان لە قۆناخە جیاوازەکاندا هیچ پەیوەندییەکی بە گۆڕینی دیمۆگرافییەوە نییە، چونکە زەوییەکان بەسەر سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکاندا دابەشکراون، بۆیە رێگریکردن لە هاووڵاتییان پێشێلکردنی ئاشکرای مادەی 23ـی دەستووری عێراقە کە پارێزگاری لە مافی خاوەندارێتیی تایبەت دەکات.
راسپاردەکانی لیژنە پەرلەمانییەکە بۆ حکومەت، دەستەی دەستپاکی و دادگا:
لیژنە لێکۆڵینەوەکەی پەرلەمان چەند راسپاردەیەکی بەپەلەی خستووەتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق:
- کشانەوەی حەشدی شەعبی و گواستنەوە و رادەستکردنی تەواوەتیی دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکانی (قەرە فەخرە و جلیوخان) بە پۆلیسی خۆجێیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، چونکە ناوچەکان دەکەونە چوارچێوەی سنووری شارەوانیی موسڵ.
- ئاراستەکردنی فەرمانی تووند بە هەموو هێزە ئەمنییەکان و بەتایبەتی لیوای 30ـی حەشدی شەعبی تاوەکو بە تەواوی دەست لە رێگریکردن و دەرکردنی رێنمایی نایاسایی هەڵبگرن.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری نەینەوا بۆ تێکدانی بازگە و بەربەستە خۆڵییەکانی سەردەمی داعش لە ماوەی 30 رۆژدا و رادەستکردنی زەوییەکان بە خاوەنەکانیان.
- داوا لە دەستەی دەستپاکی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کراوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییانە بکەن کە لە پێدانی مۆڵەت و رێگەدان بە هاووڵاتییان، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، جیاکاری یان سەرانەسەندنیان ئەنجامداوە.



