رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەدات کە هیچ قەیرانێکی نەختینە لە ئارادا نییە. ئاماژە بەوەش دەکات کە لە چەند رۆژی داهاتوودا گوژمەی نوێی دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار. سەبارەت بە پێدانی دۆلاری فەرمیش بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی، دۆسیەکە پێویستی بە هەندێک رێکخستنە.
رۆژی یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، د. مەحموود داغر، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی و گوتەبێژی بانکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کە لە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە تێپەڕ ناکات، گوژمەی نوێی دۆلار لە ئەمریکاوە دەگات. ئامادەکارییەکانمان کردووە و حەواڵەی تەواوەتیی سیستمی سویفتمان کردووە. لە گوژمەکانی داهاتوودا بڕەکە دەگاتە سەرووی یەک ملیار دۆلار."
سەبارەت بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، مەحموود داغر روونیکردەوە: "ئێمە وەک بانکی ناوەندی بۆ هەر گەشتیارێک بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی خەرج دەکەین کە دەتوانێت لە ساڵێکدا شەش جار سوودی لێ وەرگرێت. بەڵام میکانیزمی پێدانی بە گەشتیاران لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە پێویستی بە هەندێک رێکخستنی کارگێڕی و تەکنیکییە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدەین."
چارەنووسی بانکەکان
سەبارەت بە بڕیار یان رێنمایی نوێی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی ئەو بانکە عێراقییانەی لە مامەڵەی دۆلار بێبەشکراون، گوتەبێژی بانکی ناوەندی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەکی نوێ لە گەنجینەی ئەمریکاوە دەرنەچووە. ئێمە چاوەڕوانی ئەنجام و راپۆرتی کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمانین لەبارەی هەنگاو و چاکسازییەکانی ئەو بانکانە، دوای تەواوبوونی ئەو هەڵسەنگاندنە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەپێی راپۆرتەکە هەنگاوەکانی خۆی دیاری دەکات."
لەبارەی هەموارکردنەوە و هۆکاری دواکەوتنی خشتەکانی بودجە بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان، مەحموود داغر هۆکارەکەی بۆ دروستبوونی وەزارەتی نوێ گەڕاندەوە و گوتی: "بەهۆی دامەزراندنی سێ وەزارەتی نوێ لە حکومەتدا، پێویست بوو تەرخانکراوی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران، خەرجیی بەکاربردن و خەرجیی وەبەرهێنانی ئەو وەزارەتانە دیاری بکرێت. ئەمەش بووە هۆی هەموارکردن و گۆڕانکاری لە پرۆژەیاساکەدا و کەمێک ناردنی بۆ پەرلەمان دواکەوت."
دڵنیاییشی دا کە مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی داهاتوو "بە تەواوی مسۆگەرە."
قەبارەی قەرزەکان؛ 117 تریلیۆن دیناری ناوخۆیی
سەبارەت بە قەبارەی قەرزە گشتییەکانی سەر دەوڵەت کە لە بانکی ناوەندی تۆمارکراون، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامارە فەرمییەکانی ئاشکرا کرد. "قەرزی گشتیی ناوخۆیی سەر حکومەت گەیشتووەتە 117 تریلیۆن دینار. لە بەرامبەردا، قەرزی دەرەکی زۆر کەمترە و لە دەوروبەری 10 تریلیۆن دیناردایە."
مەحموود داغر رەتی کردەوە کە هیچ کێشە یان قەیرانێکی کەمبوونەوەی نەختینەی دارایی هەبێت و رایگەیاند: "نەک قەیرانی نەختینەمان نییە، بەڵکو یەدەگی دراوی بیانیی بانکی ناوەندیش زیادی کردووە. بەهۆی گەیشتنی داهاتەکانی مانگی 10 ئاستی یەدەگی دراو بەرزبووەتەوە و لە دەوروبەری 81 ملیار دۆلاردایە."


