رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق وردەکاریی نوێ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیا، سووریا و ئێران، دروستکردنی کەمەربەندی ئەمنی و ئاستی هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و دەڵێ؛ درێژی دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا گەیشتووەتە 400 کیلۆمەتر و هیچ کەلێنێکی ئەمنی نەماوە.
رۆژی یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قۆناخی زۆر پێشکەوتوومان لە تووندوتۆڵکردنی سنووری نێوان عێراق و سووریا بڕیوە، ئەوەش لە رێگەی دانانی دیواری کۆنکرێتی، لێدانی خەندەق، دانانی تەلی دڕکاوی، تاوەری چاودێری و کامێرای گەرمبینین."
بە گوتەی عەمید حەیدەر، درێژایی دیواری کۆنکرێتی گەیشتووەتە 400 کیلۆمەتر لە سنووری عێراق و سووریا و ئیدی "هیچ بۆشایی و کەلێنێک لە سنوور نەماوە و تەواوی جووڵەکان لە رێگەی تەکنەلۆژیای زیرەکەوە 24 کاژێر چاودێری دەکرێن، بەمەش رێگری لە دزەکردنی قاچاخچی و چەکداران کراوە."
سەبارەت بە دۆخی سنوور لە سنووری پارێزگای دهۆک و هێڵی سنووری لەگەڵ تورکیا، عەمید حەیدەر کەرخی گوتی: "کەرتەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک گەشەسەندنێکی بەرچاویان لە بڵاوبوونەوە و جێگیربوون بەخۆوە بینیوە، ئەوەش لە رێگەی بەهێزکردنی بنکە و خاڵە سنوورییەکان و گەیشتن بە پێگە هەستیارەکان لە ناوچە شاخاوییە سەختەکان."
عەمید حەیدەر کەرخی باسی لەوەش کرد کە جێگیربوونی فەرماندەییەکەیان لەگەڵ چاودێریی تەکنیکی "دەسەڵاتی دەوڵەتی بەسەر هێڵە سنوورییەکاندا چەسپاندووە و دەرفەتی لەبەردەم گرووپە یاساشکێنەکان و قاچاخچییان بچووک کردووەتەوە. هاوکات لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکان و ناوەندەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش زەمینەیەکی باشتریان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە سنوورییەکان رەخساندووە."
بەرپرسەکەی پاسەوانی سنوور باسی لە جێگیربوونی هێزەکانیان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی: "هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە تەواوی ئەرکی خۆیان لە سنوورەکانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی جێبەجێ دەکەن. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە فیدراڵییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگیربوونی هێزەکانمان لە چەندین پێگەی گرنگ بەهێزتر کراوە."
دەشڵێت: "ئەو رێکارانەی بەرامبەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن [ـی رۆژهەڵاتی کوردستان] گیرانەبەر لەگەڵ رێکخستنەوەی بڵاوبوونەوەی هێزەکان، رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەقامگیریی هێڵی سنووری، سەرەڕای سەختیی سروشتی شاخاویی ناوچەکە."
عەمید حەیدەر کەرخی جەختی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە ئاستێکی باشدایە، بەتایبەت لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و هاوئاهەنگی لەسەر پێشهاتە ئەمنییەکان.


