رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رەتیکردەوە، ئەمڕۆ هیچ بۆردوومانێکی ئاسمانى لە سنووری پارێزگای دیالە روویدابێت.
سێشەممە 3ی تشرینی دووەمى 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە لەبارەی بۆردوومانی ئاسمانی و بە ئامانجگرتن لە سنووری پارێزگای دیالە راست نین".
پێش ئەو روونکردنەوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرایەوە، کە بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە بۆردوومان کراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لە دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە زانیاری لەبارەی رووداوێکی لەو شێوەیە نەگەیشتووە".
گرووپەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق و رێکخراوی بەدر لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی لە دیالە هەن.




