رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی
ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا رێگەی چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکانی وەک هەناردەکردنی نەوت، مووچە و داهاتە،
هاوکات ستایشی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی
زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد.
باراک لە پەیامێکدا لە
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکوەزیرانی
هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، نووسیویەتی: "گفتوگۆی
راستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر رێگەی چارەسەرکردنی پرسە سەختەکانە؛ لەوانەش
هەناردەکردنی نەوت، مووچە و داهاتەکان."
باراک کە هاوکات باڵیۆزی
ئەمریکایە لە تورکیا و نێردەی تایبەتیشە بۆ سووریا، جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی
کردەوە و گوتی: "سەرۆکوەزیران زەیدی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی
کوردستان ئەمڕۆ ئەو سەرکردایەتییەیان نیشاندا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لەگەڵ هەردوولادایە لە کاتێکدا پێکەوە عێراقێکی خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران بنیاتدەنێن."
فەرمانگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، وەک جەختکردنەوەیەک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، قسەکانی باراکی ریپۆست کردووە.
ئەم لێدوانەی باڵیۆزی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی
هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دۆسیەی
مووچەی مووچەخۆران، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و شایستە داراییەکانی
پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت.
