رووداو دیجیتاڵ
شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ جێگیرکردنی رێککەوتنی پشکەکەیان لە بودجە، لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە شەممەی داهاتوو ئەنجوومەنەکە تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 بکات.
رۆژی سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 جێگە بکرێتەوە کە لەنێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە".
دووشەممە، مەسرور بارزانی و عەلی فالح زەیدی کۆبوونەوە و لەبارەی مووچە، بودجە، داهات، نەوت و بەڕێوەبردن گفتوگۆیان کرد.
شێروان دووبەردانی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق."
قەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق زیاتر لە 217 تریلیۆن دینارە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی لەبەر دەستی وەزیرەکاندایە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی رۆژی شەممە تاوتوێی بکەن و هەر وەزیرێک لەبارەی پشکی وەزارەتەکەی گفتوگۆ دەکات."


