رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی هەبوونی مادە خۆراکی پێویست و رایدەگەیێنێت، بە وردی چاودێری جووڵەی کەشتییەکان لە بەندەرەکان و گرژییەکانی ناوچەکە دەکەن بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی ناوخۆ دروست نەبێت.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەتەکەمان بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێری جووڵەی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی (ئوم قەسر و فاو) دەکات و هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەیە بۆ زامنکردنی گەیشتنی کاڵا سەرەکییەکان بۆ بازاڕەکانی وڵات."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاودێری رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، بەتایبەت گەرووی هورمز کە رۆڵێکی سەرەکی لە زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکاندا هەیە.
گوتیشی: "رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز بووەتە هۆی خاوبوونەوەی جووڵەی کەشتییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تامین)ی دەریایی، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی جیهانی هەبووە."
یەدەگی ستراتیژیی خۆراک
سەبارەت بە بڕی بەردەستبوونی خۆراک، محەممەد حەنوون گوتی: "رێژەیەکی زۆر و پێویست لە مادە بنەڕەتییەکانی وەک (گەنم، شەکر، برنج، رۆن و مادەکانی دیکە) لە کۆگاکانماندا هەیە، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ بەردەوامیی پرۆسەی کڕین و هێنانی کاڵاکان و نوێکردنەوەی داتاکانی کۆگا، تاوەکو رووبەڕووی هەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ ببینەوە و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بگرین."
"شانەی قەیرانەکان"
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە کە لەرێگەی "شانەی قەیرانەکان"ەوە بە وردی بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن و لەگەڵ کەرتی تایبەت و لایەنە حکومییەکان کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گرژیی ناوچەکە لەسەر ئاسایشی خۆراک.
حەنوون دووپاتیکردەوە کە "رەخساندنی سەقامگیریی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتە" و هەر پێشهاتێکی نوێ لە کاتی خۆیدا بۆ رای گشتی رادەگەیێنن.



