رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکەش دەڵێت ئامادەکارییەکی زۆر باش لە ناوچە گەشیارییەکان کراوە.
بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: تەنیا لە رۆژی هەینی زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار و رۆژی پێنجشەممە 10 هەزار و رۆژەکانی دیکەش زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بە هەر چوار قەزای سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران رایدەگەیێنێت دوای ئەوەی "ئاسانکارییەکی زۆر" لە رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ و کردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان بڕیاری لەسەر درا، ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بووژانەوەیەکی باشی بەخۆوە بینیوە و ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق روویان لە ناوچە گەشیارییەکانی کوردستان و سۆران بەتایبەتی کردووە و رێژەی گەشتیار زیاتر بووە.
بەگوتەی بارزان محەممەد، لە سنووری هەر چوار قەزای سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان، 30 شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەن و دەڵێت: "لە هۆتێل و مۆتێل، چێشتخانە، هەموو کەپر و ناوچە گەشتیارییەکان هەموو رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر، و ئامادەکاریی تەواومان کردووە و لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێنانی گەشتیار و گرووپە گەشتیارییەکان و پێشبینی هاتنی گەشتیاری زیاتر دەکرێت".



