رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان زێدەڕۆیی کراوەتە سەر 67 ناوچەی شوێنەواریی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و لیژنەی شارەوانی و گەوشتوگوزاریش کار بۆ پەسەندکردنی یاسای شوێنەوار دەکەن لە پەرلەمانی کوردستان.
رامیار جەوهەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شوێنەواری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 67 ناوچەی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان زێدەڕۆییان کراوەتەسەر، زێدەڕۆییەکەش زۆربەی لەلایەن هاونیشتمانیان بووە، "بەشێک لەو پێگانەش لەلایەن کۆمپانیاکان و کەسانی دەستڕۆیشتوو بووە، بەڵام مەرج نییە هەموو زێدەڕۆییەکان بەئەنقەست کرابن".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار نۆ بەڕێوەبەرایەتی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، سۆران، زاخۆ، ئاکرێ و دوو فەرمانگەی شوێنەوارییان لە قەزاکانی کۆیە و مێرگەسۆر هەیە، بەپێی راپۆرتی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە، ئامارەکان بەمشێوەیەن:
- لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین 45 ناوچەی شوێنەواری زێدەڕۆییان کراوەتەسەر
- ئیدارەی گەرمیان 14 ناوچەی شوێنەواری زێدەڕۆییان کراوەتەسەر
- هەولێر و سۆران 6 ناوچەی شوێنەواری زێدەڕۆییان کراوەتەسەر
- دهۆک و زاخۆ و ئاکرێ 2 ناوچەی شوێنەواری زێدەڕۆییان کراوەتەسەر
زێدەڕۆییەکانیش بە گوتەی، رامیار جەوهەر، بریتین لە تەلبەندکردن، بەکارهێنان بۆ کشتوکاڵ و کێڵان و باخ کردن لەسەری، دروستکردنی حەوزی ماسی، هەڵکەندن، تێکدان بە شۆفڵ، هەڵکەندن و دانانی بورج لەسەر شوێنەکان.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکی شوێنەوار نییە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شوێنەواری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "تاوەکو ئێستا یاسای ژمارە 59ی ساڵی 1936ی عێراق کە یاسایەکی زۆر کۆنە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیاسای شوێنەوارمان داڕێژراوە و د. زێدان رەشید، ئەندامی لیژنەکە رەشنووسەکەی ئامادەکردووە و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە، بەهیواین بەزووترین کات خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت".



