رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دەستپێکی مانگی داهاتوو لە هەولێر دەست بە دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی پزیشکی بکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێریش دەڵێت، پرۆژەکە لەسەر رووبەری 400 دۆنم زەوی دەبێت.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەستەی وەبەرهێنان بڕیاری دروستکردنی پرۆژەی ناوچەیەکی پیشەسازیی پزیشکیی لە سنووری پارێزگای هەولێر داوە."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر لەبارەی ئەو ناوچە پیشەسازییەوە دەڵێت، "پێشتر لە ماستەرپلانی هەولێردا ئاماژە بە درووستکردنی دراوە. ئێستا خەریکی دابینکردنی زەویین لەنێوان هەولێر و قەزای خەبات بۆ پرۆژەکە. دواتر دەست بە جێبەجێکردن و درووستکردنی دەکەین."
سامان عارەب ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەکە لەسەر رووبەری 400 دۆنم زەوییە و هەموو ئەو کارگە و کۆمپانیا پزیشکییانەی دەیانەوێت لە بواری پزیشکیدا کار بکەن، لەو ناوچە پیشەسازییە شوێنیان بۆ دەکرێتەوە.
بە گوتەی سامان عارەب، بە تەواوبوونی پرۆژەکەش هەزاران هەلی کار بۆ هاونیشتمانییان دەرەخسێت و لە دەستپێکی مانگی داهاتووشەوە بەردی بناخەکەی دادەنرێت.



