رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات بە رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سووریا "ئەرێنی"ن، بەڵام جێبەجێکردنیان خاوە.
ئەبو عومەرئیدلبی، فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات کە بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە نالین حەسەن ئەنجامی داوە، رایگەیاند، لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی سووریا بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی کۆبوونەتەوە و خواستێکی هاوبەش بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە هەیە.
سەبارەت بە دۆسیەی دەستبەسەرکراوان، ئیدلبی گوتی، حکومەتی سووریا 13 ئەندامی هێزەکەی ئازاد کردوون و 9 کەسی دیکە هێشتا دەستبەسەرن. ئەو بەرپرسە گوتی، ئەم کەسانە "دیلی شەڕ" نین، بەڵکو لە خاڵەکانی پشکنین بەهۆی ئەندامێتییان لە هەسەدە دەستگیرکراون.
فەرماندەی هێزەکانی باکوور داوای لە حکومەتی سووریا کرد هەنگاوەکانی تێکەڵکردن و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان خێراتر بکات بۆ "بەهێزکردنی سەقامگیری و بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: گفتوگۆکان سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی باکوور لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا گەیشتوونەتە چ ئاستێک؟
ئەبو عومەرئیدلبی: گفتوگۆکان بەردەوامن و لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک دیدار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، لەنێویاندا دیدار لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆکایەتیی سووریا. دوایینیان دیدارێک بوو لەگەڵ عەمید زیاد عایش بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و دیدارەکە ئەرێنی بوو. خواستێکی ئاشکرا لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوە هەیە، بەڵام جێبەجێکردن لەسەر زەوی هێشتا لەوەی چاوەڕوان دەکرێ خاوترە، بەتایبەتی لە هەندێک دۆسیەی پەیوەست بە ناوچەکانی حەسەکە و قامشلۆ. هیوادارین لە قۆناخی داهاتوودا هەنگاوەکان خێراتر بکرێن بۆ گەیشتن بە سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە هەموو سووریاییەکان لەخۆبگرێ.
رووداو: تێڕوانینی ئێوە لەسەر پرۆسەی تێکەڵکردن چییە؟
ئەبو عومەرئیدلبی: ئێمە پشتگیریی پرۆسەی تێکەڵکردن دەکەین و بە هەنگاوێکی پێویستی دەبینین بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و سەقامگیریی سووریا. هەر لە سەرەتاوە هیچ ئاراستەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای سووریا نەبوو، بەڵکو تێڕوانینێک هەبوو لەسەر بنەمای دۆزینەوەی شێوازێکی نیشتمانیی هاوبەش لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەمڕۆ، دەبینین کە سەرکەوتنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوە پێویستی بە هەنگاوی کرداریی خێراتر، متمانەی دوولایەنە و هەستی هەموو لایەنەکانە کە هاوبەشن لە بنیاتنانی داهاتووی سووریا. هەروەها دەبینین کە پێویستە دەوڵەتی سووریا لە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی تێکەڵبوونەوەدا پەلە بکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتە هەرێمییە خێراکان کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیاندا تێدەپەڕێ. ئاڵنگارییەکان یەکخستنی هەوڵ و هێزە نیشتمانییەکان دەخوازێ لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی یەک دەوڵەت و یەک سوپای نیشتمانی، کە سەقامگیری بەهێز دەکات و ئاسایش و سەروەریی سووریا دەپارێزێ. جەخت دەکەینەوە کە ئامانجی کۆتایی گەیشتنە بە دامەزراوەیەکی سەربازیی نیشتمانیی یەکگرتوو کە هەموو سووریاییەکان لەژێر ئاڵای دەوڵەتی سووریادا کۆبکاتەوە، ئاسایش و سەقامگیری بەدی بهێنێت و رێگە لە گەڕانەوەی ناکۆکی و دابەشبوون بگرێت.
رووداو: ئایا ئەندامی دیلتان لای حکومەتی سووریا هەیە؟ ژمارەیان چەندە؟
ئەبو عومەرئیدلبی: دەمانەوێ روونی بکەینەوە کە ئێمە باس لە دیل یان ئەو ئەندامانە ناکەین لە ئەنجامی شەڕەکاندا گیراون، بەڵکو باس لە دەستبەسەرکراوان دەکەین کە هەندێکیان لە بازگەکان یان لە دۆخی جیاوازدا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە هەسەدە دەستگیرکراون. ئێستا نزیکەی 9 دەستبەسەرکراو هەن کە هێشتا چاوەڕێی ئازادکردنیانن.
رووداو: ئایا رێکارەکانی ئەم دواییەی ئازادکردن ئەوانیشی گرتەوە؟
ئەبو عومەرئیدلبی: بەڵێ، رێکارەکانی ئەم دواییە ژمارەیەک دەستبەسەرکراوی گرتەوە، کە دەستەیەکیان لە ماوەی رابردوودا ئازاد کران.
رووداو: تاوەکو ئێستا چەند ئەندامی هێزەکانی باکوور ئازاد کراون؟
ئەبو عومەرئیدلبی: لە ماوەی رابردوودا نزیکەی 13 دەستبەسەرکراو ئازادکران.
رووداو: ئایا هێشتا دەستبەسەرکراوی دیکە هەن کە چاوەڕێی ئازادکردن بن؟
ئەبو عومەرئیدلبی: بەڵێ، هێشتا نزیکەی 9 کەس دەستبەسەرن. ناوەکانیان بۆ فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایش نێردراوە و بەڵێن دراوە کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانیان بکرێ و بۆ ئازادکردنیان لە ماوەی داهاتوودا کار بکرێ.
رووداو: داواکارییە سەرەکییەکانتان سەبارەت بە دۆسیەی دەستبەسەرکراوان چییە؟
ئەبو عومەرئیدلبی: داواکارییەکانمان روونن و بریتین لە تەواوکردنی ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان بە زووترین کات، چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆیی، خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردن و بەهێزکردنی رێکارەکانی بنیاتنانی متمانە لەنێوان لایەنە جیاوازەکان بۆ سەرخستنی قۆناخی ئێستا و مسۆگەرکردنی دووبارەنەبوونەوەی رووداوەکانی دەستگیرکردن لەسەر بنەمای سیاسی یان بەهۆی ئەندامێتیی پێشوو. جەخت دەکەینەوە کە چارەسەرکردنی دۆسیەی دەستبەسەرکراوان و خێراکردنی هەنگاوەکانی تێکەڵکردن بەشێکی سەرەکیی هەوڵەکانی بەهێزکردنی سەقامگیری و بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو و ئارام بۆ هەموو رۆڵەکانی پێکدەهێنن و سەرکەوتنی ئەم قۆناخە لە بەرژەوەندیی هەموو سووریاییەکاندا دەبێت بێ جیاوازی.
رووداو: تێڕوانینی ئێوە لەبارەی رەوشی ئێستای سووریا چییە و سووریا بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئەبو عومەرئیدلبی: باوەڕمان وایە سووریا ئەمڕۆ لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ناکۆکی و دابەشبوون بەرەو قۆناخی سەقامگیری و دەوڵەتسازی. سەرەڕای ئاڵنگارییە گەورەکانی ئابووری، خزمەتگوزاری و ئەمنی، بوونی ویستێک بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەنێوان سووریاییەکاندا دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی ساڵانی رابردوو. پێویستە داهاتووی سووریا لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی، یەکپارچەیی خاکی سووریا، یەکگرتوویی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، رێزگرتن لە فرەڕەنگیی سووریا و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە بنیاتنانی دەوڵەت بێت. هەروەها سەرکەوتنی ئەم قۆناخە پێویستی بە چارەسەرکردنی دۆسیە مرۆیی و ئابوورییەکان، باشترکردنی باری ژیانی هاووڵاتیان و رەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ ناوچەکانیان هەیە. لە کۆتاییدا سڵاوی خۆم بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا دەنێرم و بەتایبەتی سڵاو لە گەلەکەمان، کورد دەکەم و بانگیان دەکەم کە لە دەوری سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی خۆیان کۆببنەوە، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی خۆیان بپارێزن و لەم قۆناخە هەستیارەدا وەک یەک جەستە بن. سووریا بۆ هەموو رۆڵەکانی، بە نەتەوە، ئایین و پێکهاتە جیاوازەکانییەوە، بەرفراوانە و داهاتووی بە هاوبەشیی نیشتمانی، لێکتێگەیشتن و یەکڕیزی بنیات دەنرێ، کە ئاسایش، سەقامگیری و شکۆمەندی بۆ هەر سوورییەک بەدی دەهێنێت.



